سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل پشتیوانی بۆ ڕیفراندۆم دەربڕی

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان راگەیاند دەشڵێت "پەكەكە گروپێكی تیرۆرستیە".

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل راگەیێندراوێكی لەبارەی سیاسەتی وڵاتەكەی بەرامبەر كورد بڵاوكردەوە و رایگەیاند "پشتگیری مافی یاسایی گەلی كورد دەكەن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیان".

لەبارەی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، بنیامین نەتانیاهۆ دەڵێت "ئیسرائیل دژی پەكەكەیە و بە گرووپێكی تیرۆریستی دادەنێت، بەپێچەوانەی توركیا كە پشتگیریی گرووپی تیرۆریستی حەماس دەكات".

بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2014 بنیامین نەتانیاهۆ پشتگیریی ئیسرائیلی بۆ سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان راگەیاند.،دواجاریش مانگی رابردوو بوو كاتێك لەگەڵ 35 كۆنگرێسمانی كۆمارییەكانی ئەمریكا كۆبووەوە و رایگەیاند، لە بەرژەوەندی ئیسرائیل و رۆژئاوایە دەوڵەتی كوردستان دابمەزرێت.

سەرەتای ئەم هەفتەیەش ئایلێت شاكید، وەزیری دادی ئیسرائیل رایگەیاند، ئیسرائیل پشتیوانی لە سەربەخۆیی كورد، بەلایەنی كەمەوە لەسەربەخۆیی كوردی عێراق دەكات، وتیشی "ئیسرائیل و وڵاتانی رۆژئاوا بەرژەوەندییەكی زۆریان لە دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان هەیە، پێموایە ئێستا كاتی هاتووە، ئەمریكا پشتیوانی لەو پرۆسەیە بكات".



AM:09:24:13/09/2017