قاسیم سلێمانی بە بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی راگەیاندوە تا ئێستا ئەو رێگربووە لەوەی حەشدی شەعبی هێرش نەكاتەسەر هەرێمی كوردستانو چیتر ئەو رێگر نابێت.
ماڵپەڕی مۆنیتۆر لە راپۆرتێكدا لە ژێر ناوی "ئێرانو ئەمەریكا دژی ریفراندۆمی كوردستانی عێراق" لەزاری سەرچاوەیەك لە یەكێتی نیشتمانیی كوردستان نوسیویەتی كە قاسم سلێمانی، بەرپرسی فەیلەقی قودس سەر بە سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران، بە بەرپرسانی یەكێتی راگەیاندوە "تا ئێستا رێگریم لە هێرشی حەشدی شەعبی بۆ سەر ئێوە كردوە، بەڵام من چیتر ئەم كارە ناكەم".
قاسمی سلێمانی هەروەها دەڵێت "تەنیا سەیری رووداوەكەی مەندەلی بكەن، ئەمە سەرەتای رووداوەكەیە"، بە پێی راپۆرتەكەی مۆنیتۆر، ئاماژەی قاسم سلێمانی بە رووداوێكە كە تێیدا سەدانی میلیشیای عێراقی بە پشتیوانی هێزەكانی ئێران گەیشتنە مەندەلی (بەدووری 100 كیلۆمەتر لە باكوری رۆژهەڵاتی بەغدا)و سەرۆكی كوردی شاری مەندەلییان ناچار كرد واز لە پۆستەكەی بێنێتو رایانگەیاند ئەم شارە لەدەرەوەی چوارچێوەی ریفراندۆمی كوردستانە.
ئەم رووداوە سێ رۆژ پاش ئەوە وویدا كەهادی عامری، فەرماندەی سوپای بەدر هۆشداری دابوو كە عێراق دەبێت بە یەكپارچەیی بمێنێتەوەو ئەگەر ریفراندۆمی سەربەخۆی كوردستان بكرێت ئەوا شەڕی ناوخۆ دەست پێدەكات. پاش ئەوەش لە رۆژانی 12و 13ی سێپتامبر، ئەنجومەنەكانی پارێزگای دیالەو سەڵاحەدین ریفراندۆمیان لەو ناوچەیە رەتكردەوە.
مۆنیتۆر هەروەها باس لە روانگەی هاوشێوەی بەرپرسانی ئەمەریكیو ئێرانی لە دژایەتی لەگەڵ ریفراندۆم دەكاتو بەپێی راپۆرتەكە، فەرماندە سەربازییو دیپلۆماسیەكانی ئێرانو ئەمەریكا لەدوایین هەوڵیاندا بۆ رازی كردنی كورد، داوایان كردوە كە ریفراندۆمی 25ی سێپتامبر یان دوابخرێت یان بەتەواوی هەڵبوەشێتەوە.