حکومەتی هەرێم ژمارەی ئاوارەكانی كەركوكو ناوچەكانی دەوروبەری راگەیاند
بەپێی ئامارەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ١٦٨ھەزار و ٣٧٢کەس لە کەرکوک و ناوچەکانی دەورووبەری ئاوارەبوون و پەنایان بۆ پارێزگاکانی ھەولێر،سلێمانی ودھۆک ھێناوە.
ھۆشەنگ محەمەد، بەڕێوەبەری ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی قەیرانەکان، بە ماڵپەری حکومەتی ھەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووە، کە بەھۆی توندوتیژی، بەتایبەتی لە کەرکوک، خانەقین، زومار و رەبیعە، ١٦٨ھەزار و ٣٧٢کەس ئاوارە بوون.
ئاماژەبەوەکراوە، ٨٤ھەزار، کەس روویان لە ھەولێر کردووە و ٧٨ ھەزارو ٣٧٢ کەسیش ئاوارەی شاری سلێمانی بوون و شەش ھەزاریش، لە زومار و رەبیعەوە روویان کردووەتە دھۆک و زاخۆ.
ھۆشەنگ محەمەد دەڵێت، زۆربەی ئاوارەکان لەلایەن ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، خزم و دۆستانیان لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان میوانداری کراون و ھاوکات ژمارەیەکی بەرچاویان لە کەمپ و خانووی تەواو نەکراو و شوێنە گشتییەکان نیشتەجێکراون و لە بارێکی زۆر خراپدان.
ھەروەھا ئەوەخراوەتەڕوو، ئاوارەکانی ناوچە کوردستانییەکان پێویستیان بە ھاوکاری دەست بەجێ و بە بەپەلە ھەیە وەکو خواردن، خۆراک، بەتانی، پۆشاک، شیر و دایبی منداڵ، جلوبەرگ، پێڵاو، سووتەمەنی، شوێنی نیشتەجێبوون، داودەرمان و چارەسەری تەندروستی.
PM:09:06:25/10/2017