جۆن مەککین: دەبێت ترامپ پشتیوانی لەهەرێمی کوردستان بکات

سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا داوای لە دەوڵەتی ترامپ کرد بەردەوام بێت لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان.

لە وتارێکدا لە ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاوی کردوەتەوە، جۆن مەککین، سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەگەر واشنتۆن ڕێکاری دروست نەگرێتەبەر، ئێران کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهێنێت. هەربۆیە داوای لە دەوڵەتی ئەمریکا کرد لە زووترین دەرفەتدا ڕێکاری ڕوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەکە بگرێتەبەر. مەککین هەر لە وتارەکەیدا هەرێمی کوردستانی وەک هاوپەیمانی دێرینی ئەمریکا وەسف کرد و ڕایگەیاند کە دەبێ پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان بکات.

 لە هەمان کاتدا سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، ڕەوشی ئەم دواییەی کەرکوکی بۆ سیاسەتی هەڵەی واشنتۆن گەڕاندەوە کە چەندین ساڵە پرسەکەی چارەسەر نەکردووە و بە هۆی کشانەوەی ئەمریکا لەو ناوچەیە، دەسەڵات و هێزی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووی لە کەمبوونەوە کردووە و هێزەکانی دژ بە ئەمریکا بۆشایی نەبوونی واشنتۆن لە ناوچەکەیان پڕ کردووەتەوە.



AM:11:58:26/10/2017