" لایەنگرانی پارتی پەلاماری دوو بارەگای یەكێتی دەدەن"

ماڵپەڕێکی نزیک یەکێتی بڵاویکردەوە لەدوای پەیامەكەی مەسعود بارزانی، پارتی ئەندام و لایەنگرانیان بەئاراستەی پەلاماردانی بارەگاكانی یەكێتی لەسنوری شێخان هاندەدات و یەكێتیش پەیامێكی بەپەلە ئاراستەی ئەو حزبە دەكات.

نەسروڵڵا سورچی، لێپرسراوی مەڵبەندی نەینەوای یەكێتی بە ماڵپەڕی تۆڕی هەواڵی سلێمانی نزیک یەکێتی راگەیاندووە " ژمارەیەك لەلایەنگرانی پارتی لەدەوروبەری مەڵبەندی نەینەواو كۆمیتەی شێخان خۆپیشاندان دەكەن و دەیانەوێت پەلاماری بارەگاكانمان بدەن، ئاسایشی پارتیش دەوروبەری مەڵبەندی ئێمەیان گەمارۆداوەو پێیان وتوین ناهێڵن خۆپیشاندەران بێنە ناو مەڵبەندەوە".

لەپەیامێكدا نەسروڵا سورچی دەڵێت: "بەراستی ئەو ئیشانە عەیبەو قێزەونە ئەنجامی دەدەن، بەم كارانە یەكێتی ڕیزەكان تێكدەدەن".

ئەوەشی خستەڕوو، "چاوەڕوانمان دەكرد بارزانی لە پەیامەكەی ئەمڕۆیدا باسی یەكڕیزی كورد بكات، كەچی باسی خیانەت و خەنجەری ژەهراوی دەكات، لەكاتێكدا لەهەمان وتاریشدا دەڵێت چەندین شوێنمان چۆڵكرد بۆئەوەی خوێن نەڕژێت، كەچی ئەوەی ئێمە بەخەنجەری ژەهراوی ناودەبات".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی دەڵێت " پەیاممان بۆ پارتی ئەوەیە سنورێك بۆ ئەو خەڵكە دابنێن، چونكە ئەمە ئیشێكی گەورەیە بەرامبەر بەیەكێتی دەیكەن".

لێپرسراوی مەڵبەندی نەینەوای یەكێتی، رەتیكردەوە ئەو گردبوونەوەیەی لەدەوروبەری بارەگەیان، جەماوەری ئاسایی بێت، وتی " ئەوە كاری جەماوەری خۆرسك نییەو خۆیان پێیان وتون بڕۆن ئەو ئیشە بكەن".



PM:10:43:29/10/2017