یەكێتی: لەسەر سوتاندنی بارەگاكەمان داوای روونكردنەوەمان لە پارتی كردوە

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رونكردنەوە لەسەر سوتاندنی بارەگای حزبەكەی لە قەزای زاخۆ دەدات و ئاشكرایدەكات كە داوای رونكردنەوەیان لە حكومەت و پارتی كردووە و دەشڵێت "ناكرێت بڵێین رووداوەكە كۆنتڕۆڵنەكراوە و دەبێت كەلتوری بارەگا سوتاندن نەمێنێت".

ئەمڕۆ دووشەممە 30ی تشرینی یەكەم، سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە شاری هەولێر كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و نیگەرانی حزبەكەی بەرامبەر بەو رووداوانە دەربڕی كە ئێوارەی دوێنێ روویاندا و سوتانی بارەگای یەكێتی لە زاخۆ لێكەوتەوە.

سەعدی ئەحمەد پیرە وتیشی "وەك یەكێتی داوای رونكردنەوەمان لە جكومەتی هەرێم و پارتی دیموكراتی كوردستان كردوە و ئەوان رونكردنەوەیان داوە و ئێستاش پێویستە لێكۆڵینەوەی ورد بكرێت و یەكێتی لێكۆڵینەوە دەكات لەم پرسە".

وتیشی "بارەگا سوتاندن كەلتوری رەسەنی كورد نییە و كردەوەی بارەگا سوتاندن خۆكوژییە بۆ كورد، ئەوەی كە روویدا شتێك نییە بڵێین ئەوە رێگری لێ نەكرا و كۆنتڕۆڵنەكراوە و هەموومان كادیری حزبین دەزانین كە كۆنتڕۆڵكردن چۆنە و دەبێت كەلتوری بارەگا سوتاندن نەمێنێت".



AM:09:43:30/10/2017