ئەمریكا: پێشمەرگە هێزێكی شەڕكەری بەهێزە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، پشتگیری هیچ هێز و گروپێك لە عێراق ناكەن كە ببنە هۆی دروستكردنی ڕێكخراوی تیرۆرستی وتیشی " هەڵوێستمان بەرامبەر پێشمەرگە نەگۆڕاوە".

هێزەر ناوێرت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی هەواڵیدا ڕایگەیاند "مەشقمان بە هێزە عێراقییەكان و پێشمەرگە كردووە، ئێمە پشتگیری ئەو گروپ و هێزانە ناكەین كە دەبنە هۆی دروستكردنی ڕێكخراوی تیرۆستی، پێدەچێت هەندێك هێز كە لەژێر دەستی حكومەتی عێراق نین بەرپرسیار بن لە پێشێلكاری توندی مافەكانی مرۆڤ".

لەبارەی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغداوە ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد، لەماوەی ڕابردوودا زنجیرەیەك گفتوگۆكایان لەگەڵ بارزانی و عەبادیدا كردووە و بەردەوامیش دەبن و پێیان باشە كە هەردوولایان پێكەوە دیالۆگ بكەن و هیوادارن كە بگەنە ئەنجامێكی باش.

ناوێرت لەبارەی پێشمەرگەوە وتی " پێشمەرگە هێزێكی شەڕكەری بەهێزە، گومانی تێدا نییە ئێمە سوپاسگوزاری هەوڵ و ماندووبوونەوەكانی پێشمەرگەین و ئەو هەڵوێستەشمان نەگۆڕاوە".

چەند ڕۆژێك لەمەوبەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی تیرۆریستە، پێشتریش ڕێكس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا داوای كرد میلیشیا ئێرانییەكان لە عێراق بچنە دەرەوە.




AM:09:24:01/11/2017