حكومەتی هەرێم پەیامێك ئاڕاستەی ئەمریكا دەكات

حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێك ئاراستەی ئەمریكا دەكات و ڕایدەگەیەنێت "تیرۆرستان هەر كاتێك بچووكترین دەرفەتیان بۆ ڕەخسابێت، لە ڕشتنی خوێنی هاوڵاتیانی سڤیل و بێ گوناه دەستیان نەپاراستووە".

سەفین دزەیی، وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی هێرشە تیرۆرستیەكەی مەنهاتن بڵاوكردەوە و ڕایدەگەیەنێت "ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستیە دەكەین، تیرۆرستان هەر كاتێك بچووكترین دەرفەتیان بۆ ڕەخسابێت، لە ڕشتنی خوێنی هاوڵاتیانی سڤیل و بێ گوناه دەستیان نەپاراستووە و هەردەم ڕووی ڕەشی خۆیان پیشانی جیهانی ئازاد داوە".

سەفین دزەیی بە ناوی حكوومەت و هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانەوە سەرەخۆشی لە گەل و حكوومەتی ئەمریكا كردووە و هیوای چاكبوونەوەشی بۆ برینداران خواستووە.

رۆژ چوارشەممە 1/11/2017، ئۆتۆمبێلێكی جۆری پیكاب لە شاری مانهاتن لە ویلایەتی نیویۆرك، خۆی كرد بەناو ژمارەیەك هاوڵاتیدا و بووە هۆی گیان لەدەستدانی هەشت كەس و برینداربوونی 10 كەسی دیكە.

هێرشبەرەكە ناوی سەیفولۆ حەبیبولاڤیچ سایپۆڤە و تەمەنی 29 ساڵە. لە ناو ئۆتۆمبێلەكەیشی ئاڵایەكی رەشی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش دۆزراوەتەوە و بە هوتافی (ئەللاهوئەكبەر) بەناو خەڵكی كەوتووە.



PM:12:53:01/11/2017