مەرجەکانی عێراق بۆ دەستبەکارکردنەوەی فڕۆکەخانەی سلێمانی ئاشکرا دەبێت

وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی‌ حكومەتی‌ هەرێم مەرجی‌ بەغدا بۆ كردنەوەی‌ فڕۆكەخانەكانی‌ هەرێم و ئەنجامدانی‌ گەشتە نێودەوڵەتیەكان ئاشكرادەكات.

مەولود باوەموراد وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی‌ حكومەتی‌ هەرێم بەوەكالەت لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندوە " بەڕوونی‌ لەلایەن دەسەڵاتی‌ فڕۆكەوانی‌ مەدەنی‌ عیراقەوە پێمانڕاگەیەنراوە، هیچ  گۆڕانكارییەك لەبڕیارەكەی‌ حكومەتی‌ عیراقدا لە بارەی راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتیەكانی فڕۆكەخانەكانی هەرێم ناكرێت تائەوكاتەی‌ گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر تەواوی‌ كێشەكان چارەسەردەكرێت".

ناوبراو لە درێژی لێدوانەکەیەدا وتی "مەرجی‌ بەغدا بۆ كردنەوەی‌ فڕۆكەخانەكانی‌ هەرێم، چارەسەركردنی‌ تەواوی كێشەكای‌ هەرێم و بەغدایە بەڕێگەی‌ دانوستان وگفتوگۆ".

سەبارەت بەناردنی‌ تیمی تایبەت لەلایەن حكومەتی‌ عیراقەوە وەزیرەکەی هەرێم وتی"تائێستا هیچ بڕیارێك بۆ ناردنی‌  تیمی‌ مەدەنی‌ و سەربازی نەدراوەو جگەلەوەش هیچ بڕیارێك نەدراوە كە هەرێم وەفدی تایبەت بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی‌ گرفتی‌ فڕۆكەخانەكانەوە ڕەوانەی‌ بەغدا بكات".



PM:03:34:03/11/2017