تەقە لە ماڵی ڕۆنامەنوسێك و بەرپرسێكی حكوومەتی هەرێم كرا

شەوی ڕابردوو، لە شاری كفری دەستڕێژی گوللە لە ماڵی ڕۆژنامەنووسێك و بەرپرسێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كراوە و زیانێكی ماددی زۆری لێكەوتووەتەوە.

حەیدەر ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس لە كفری، بە ماڵپەڕی "باسنیوز"ی ڕاگەیاندووە "لە دەوروبەری كاتژمێر 1:15 خولەكی شەوی ڕابردوو 26 لەسەر 27/11/2017، لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە كە ماتۆڕسكیلیان پێبووە، دەستڕێژی گوللە لە ماڵەكەم كراوە و بەو هۆیەوە 10 فیشەك بەر ئۆتۆمبێلەكەم كەوتووە و بووەتە هۆی تەقینی تایە و شكانی جامەكانی و نزیكەی 15 فیشەكیش بەر ژووری چێشتخانەی ماڵەكەمان كەوتووە و بەوهۆیەوە جام و ساردكەرەوە و ژمارەیەك كەرەستەی دیكە شكاون".

 ڕۆژنامەنووسەكە ئەوەی ئاشكرا كرد كە لە هەمان ئەو كاتەی تەقەیان لە ماڵەكەی كردووە، ئەو چەكدارانە تەقەیانی لەماڵی مامی كردووە كە بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری گەرمیانە و بەو هۆیەوە ئۆتۆمبێلەكەی سووتاوە و لەلایەن هاوڵاتییانەوە ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ كراوە.

حەیدەر ئەحمەد باسی لەوە كردووە كە ئەو هیچ كێشەیەكی لەگەڵ كەسدا نییە، بە دووریشی نازانێت ڕووداوەكە پەیوەندی بە كاری ڕۆژنامەوانییەوە هەبێت.

ئاماژەشی بەوە كرد كە هەردوو ڕووداوەكە جگە لە زیانی ماددی، هیچ زیانێكی گیانییان بەدواوە نەبووە و لە بنكەی پۆلیسیش سكاڵای تۆمار كردووە.



PM:01:35:27/11/2017