هێزێکی هاوپەیمانان گەیشتە خورماتوو

هێزێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش گەیشتە خورماتوو و وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانانیش دەڵێت "هێزەکانمان لەسەرانسەرى عێراق دا جارێکى تر جێگیر دەکەینەوە".


شەوی رابردوو هێزێکی گەورەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گەیشتوونەتە خورماتوو، لە فرۆکەخانەی قەزاکە جێگیربوون.

ئەوەش لەکاتێکدایە ڕۆژی 29ی ئەم مانگە هاوپەیمانان هێزێکى تایبەتى ڕەوانەى بنکەى سەربازى کەیوان له ‌کەرکوک کرد و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگێڕدرێتەوە هێزەکانى ئەمەریکا و هاوپەیمانان ترسیان لەوە هەیە بارگرژیەکانى کەرکوک و خورماتو تەشەنە بکەن و لەدەست دەربچن، بۆیە لەئێستاوە هێز لەسەربازگەى کەیوان کۆدەکەنەوە و خۆیان بۆ قۆناغى ئەگەرى سەرهەڵدانى بارگرژى ئامادەدەکەن گەر رووبدات.

ئەحمەد عەسکەرى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لەکوتلەى کوردى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاندووە "عێراق ئێمەى چەککردووە و هێزمان لەکەرکوک نەماوە، کەچى ئەوان چیان بوێت بەچەکەوە دەیکەن".

وتیشى"هاتنى هێزەکانى هاوپەیمانان کە هێزێکى بێلایەنن، گرنگە بۆ هێورکردنەوەى دۆخى کەرکوک."

ئەو هێزەى رەوانەى سەربازگەى کەیوان کراوە هێزێکى تایبەتى نەوعیە و پێش رۆیشتنى هێزەکەش بۆ ئەو سەربازگەیە، هاوپەیمانان بەئامادەبوونى ئەمەریکى و بەریتانى و ئەڵمانیەکان تاوتوێى گرنگى ناردنى ئەو هێزە و رێگرتنیان لەدروستبونى بارگرژى کردووە.

دەربارەى پێکهاتەى هێزەکە، عەسکەرى وتى"ئەو هێزەى هاتوەتە کەیوان هێزى جیاوازترن لەو هێزەى پێشوو، هێزێکى شەڕکەر دیارن."

زانیاریەکان ئاماژەبەوەدەکەن هاوپەیمانان ترسیان لە دروستبوونى بارگرژى و شەڕ لە کەرکوک و خورماتو هەیە، بەتایبەت ناوبەناو گرژى روودەدات و لایەنى کوردیش لەو ناوچانە هەست بەپەراوێزخستن دەکات، هەروەک عێراقیش هێز و چەکى پێویستى بۆ ئەو ناوچانە ناردووە، بۆیە هاوپەیمانان دەیانەوێت بۆ حاڵەتى پێویست هێزیان لەو ناوچانە ئامادەبێت.

عەقید رایان دیلۆن وتەبێژى هاوپەیمانێتى نێودەوڵەتیش لەبەغداوە، رایگەیاندووە رۆیشتنى هێزەکانى هاوپەیمانان بۆ سەربازگەى کەیوان لەکەرکوک بەهەماهەنگى بووە لەگەڵ هێزە عێراقیەکان، جەختیشیکردۆتەوە"هێزەکانمان لەسەرانسەرى عێراق دا جارێکى تر جێگیر دەکەینەوە."



PM:01:53:02/12/2017