خەڵکی حاجیاوا داوا دەکەن هێزە ئەمنییەکان شارەکەیان چۆڵ بکەن

‌فۆتۆ: ئەمیر حەسەن
شارۆچکەی حاجیاوای سەر بەشاری رانیە کە بەهۆی خۆپیشاندانەوە بۆتە سەربازگەیەکی گەورە، خەڵکەکەی داوا دەکەن، هێزە چەکدارەکان شارەکە چۆڵ بکەن.

لە پەیامێکدا کە چالاکوانانی مەدەنی حاجیاوا بڵاویان کردۆتەوەو کۆپیەکی نێردراوە بۆ سپی، داوا دەکەن لە بەرپرسانی ئەمنی و ئیداری شارەکە داوای چوونە دەرەوەی سەرجەم ئەو هێزە چەکدارانەی لەدەرەوە هێنراون بۆ ناوەوەی حاجیاوا.

هەروەها چالاکوانان داوا دەکەن، سپاردنی ئەمنیەتی شار تەنیا بەهێزەکانی ئاسایش و پۆلیس بێت و دەڵێن" چونکە پێمان وایە بوونی ئەو هێزانە کاریگەری خراپی بۆسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی دانیشتوان و هاوشارییانی حاجیاوا هەیە".

دوو رۆژە دەڤەری راپەرین بەهووم شارو شارەدێکانیەوە خۆپیشاندانی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت و بارگرژی و پێکدادان قورس لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەراندا روویان داوەو ژمارەیەک گەنج کوژراون و نزیکەی ٨٠ هاوڵاتی بریندار بوون. 
ئا: ئەمیر حەسەن


AM:12:18:21/12/2017