ئەمەریکا دان بەو ناوچە کوردی و عەرەبیانەی سوریادا دەنێت کە بەرۆژهەڵاتی روباری فورات ناسراوەو لەژێر دەستی هێزەکانی سوریای دیموکراتیدایە.
رۆژنامه‌ی "شه‌رقولئه‌وسه‌ت"، لە راپۆرتێكدا بڵاویكردۆتەوە کە هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به سه‌ركردایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، له داهاتوودا، 10 هه‌نگاوی سه‌ربازی و سیاسی و دیپلۆماسی به‌رامبه‌ر به ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی رووباری فورات ( رۆژئاوای کوردستان)ده‌گرێته‌به‌ر و وەک هه‌رێمێكی لامه‌ركه‌زی له چوارچێوه‌ی سووریا دانی پێداده‌نێت.
رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی بۆ كردووه، رووبەری ئەو ناوچانە 28 هه‌زار كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه، واتا 3 هێنده‌ی رووبه‌ری لوبنان ده‌بێت.
له مانگی ئایار مایۆی ساڵی رابردووه‌وه واشنتن و مۆسكۆ له‌سه‌ر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکراتی رێككه‌وتوو کە رووباری فورات هێڵی جیاكه‌ره‌وه‌ی ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی فوراته كه هه‌سه‌ده كۆنتڕۆڵی كردووه، له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانی رۆژئاوای فورات، كه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی رژێمی سووریایه و له‌گه‌ڵ رووسیا كۆنتڕۆڵییان كردووه.
ئەو هەنگاوانەی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لەو ناوچانەدا دەیگرنە بەر:
یه‌كه‌م: زیادكردنی هاوكارییه سه‌ربازییه‌كان، بۆ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات، كه له ناوه‌ڕاستی مانگی رابردوو، بڕیاری به‌رده‌وامی پڕچه‌ككردنی ئه‌و هێزانه له‌لایه‌ن دۆناڵد تره‌مپ، واژوو كرا.
دووه‌م: راهێنانی زیاتر به هێزه‌كانی سووریا دیموكرات و گۆڕانكاری له رۆڵیان، بۆ ئه‌وه‌ی ببنه هێزیكی نیزامی و له دوای داعش پارێزگاری له سه‌قامگیری ناوچه‌كان بكه‌ن، له‌گه‌ڵ مه‌شق و راهێنان به پۆلیس و گرتنه‌ده‌ستی دۆسیه‌ی ئه‌منی.
سێیه‌م: به‌هێزكردنی ئه‌نجوومه‌نه ناوچه‌ییه‌كان كه حوكمی ناوچه ئازادكراوه‌كان ده‌كه‌ن، وه‌كو ئه‌نجوومه‌نه‌كانی ره‌ققه و ته‌بقه، كه پێده‌چێت له داهاتوودا بخرێنه سه‌ر هه‌رێمی رۆژهه‌ڵاتی فورات.
چواره‌م: دووباره ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كان له رێگه‌ی هاندانی وڵاتانی ئه‌ندام له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، بۆ دابینكردنی سه‌رچاوه دارایی و مرۆییه‌كان.
پێنجه‌م: به‌هێزكردنی خزمه‌تگوزاریی و ژێرخان، له‌گه‌ڵ سوودوه‌رگرتن له سه‌رچاوه سرووشتییه‌كان كه له‌ناوچه‌كه هه‌ن، به‌تایبه‌تیش نه‌وت و گاز و كشتوكاڵ و ئاو، ئێستاش هه‌سه‌ده گرنگترین گێلگه‌ی گاز و نه‌وت و به‌نداوی سووریای له‌ژێر كۆنتڕۆڵدایه.
شه‌شه‌م: راهێنانی دام و ده‌زگاكانی حكوومه‌ت و دادوه‌ری،
حه‌وته‌م: دانپێدانانی دیپلۆماسی به‌و ناوچانه، وه‌ك رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی بۆ كردووه، پسپۆڕان كار له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی فڕۆكه‌خانه‌ی رمێلان و چه‌ند بنكه‌یه‌كی دیكه‌ی سه‌ربازی ده‌كه‌ن بۆ پێشوازیكردن له دیپلۆماتكاره ئه‌مه‌ریكییه‌كان له چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوو. هه‌روه‌ها دابینكردنی پاراستنی ئاسمانی ئه‌و ناوچانه و هێشتنه‌وه‌ی پێنج بنكه‌ی سه‌ربازی له رۆژهه‌ڵاتی فورات، كه ئێستا نزیكه‌ی دوو هه‌زار شاره‌زا و سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا تێیدا جێگیربوونه و له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده ژووری ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شیان پێكهێناوه.
هه‌شته‌م: واشنتن گوشاره‌كانی چڕده‌كاته‌وه بۆ به‌شداریكردنی نوێنه‌رانی هه‌سه‌ده و باڵی سیاسییه‌كه‌ی له پرۆسه‌ی سیاسی جنێف له ژێر سه‌رپه‌رشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان.
نۆیه‌م: هاوكاریكردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له ناوچه‌كانی فیدرالی باكوور، كه بڕیار بوو 19ی ئه‌م مانگه ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام به‌رپرسێكی كورد رایگه‌یاند، پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ كاتێكی دیكه دواخراوه و ئێستا گفتوگۆ بۆ دامه‌زراندنی حكوومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌كان ده‌كرێت.
ده‌یه‌م: ده‌سته‌به‌ركردنی هاوكاری سه‌ربازی و سیاسی و دیپلۆماسی بۆ هه‌رێمی رۆژهه‌ڵاتی رووباری فوڕات و دابینكردنی پارێزگاری بۆ هه‌ریمی عفرین و مونبج، كه هه‌سه‌ده‌ی تێدا جێگیر بووه و رووسیاش بنكه‌ی سه‌ربازی و ژووری ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شی دامه‌زراندووه. له‌گه‌ڵ به‌ستنه‌وه‌ی واشنتن بۆ هاوكاریكردن له نێوان هه‌رێمی رۆژهه‌ڵاتی فورات و دیمه‌شق و هێنانه ئارای پرۆسه‌ی راگوزه‌ری سیاسی و لامه‌ركه‌زی.