بەرپرسێکی یەکێتی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە

بەرپرسی مەڵبەندی سۆرانی یەکێتی لە پۆستەکەی لادەبرێت و ئەندامێکی سەرکردایەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەکرێت بە بەرپرسی مەڵبەندی سۆران.


ئاسۆس عەلی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە میدیاکڵنی پارتی ڕاگەیاند "لە درێژەی ئەو گۆڕانکارییانەی مەکتەبی ڕێکخستن لەسەر ئۆرگانە فەرمییەکانی یەکێتی ئەنجامی داوە، گۆڕانکاری لە مەڵبەندەکان کراوە و بە بڕیاری مەکتەبی ڕێکخستن سیروان کوێخا نەجیم، بەرپرسی مەڵبەندی سۆرانی یەکێتی لە پۆستەکەی لابراوە و بەندە کراوە بە بەرپرسی مەڵبەندی سۆرانی یەکێتی".

وتیشی "بڕیاری لابردنی سیروانی کوێخا نەجم، پەیوەندی بە ھیچ شتیکەوە نییە، تەنیا بەشێکە لە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیەی مەکتەبی ڕێکخستن بۆ نوێکردنەوەی ئۆرگانەکانی یەکێتی و گڕووتین دانەوە بە یەکێتی نیشتمانی".

ئاشکراشیکرد، کە تاکو بەستنی کۆنگرە، وەکو بەرپرسی مەڵبەندی سۆران دەمێنێتەوە، بەڵام لەکاتی کۆنگرەدا ھەموو ئەندامانی سەرکردایەتی یەک ئاستیان دەبێ، گوتیشی: "بێگومان لەکاتی کۆنگرەدا نەخشە ڕێگایەکی نوی بۆ مەڵبەندن و کۆمیتەکان دیاری دەکرێت".



PM:09:37:08/01/2018