دابەشکردنی ئاوی سلێمانی رادەگیرێت

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی ڕایگەیاند " بەهۆی لێڵبوونی ئاوی دەریاچەی دووکانەوە، تەواوی گەرەکەکانی شاری سلێمانی و قەزاو ناحیەکانی دەوروبەری ئاویان بەسەردا دابەشناکرێت".

ئامانج جەلال وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت " بەهۆی باران بارینەوە ئاوی دەریاچەی دوکان قوڕوخۆڵی تێکەڵ بووەو لێڵ بووە".
ئەو بەرپرسەی دائیرەی ئاو دەڵێت " بەو هۆیەوە ئاوی هەردوو هێڵی ئاوی دوکان - سلێمانیمان ڕاگرتووە، تا ئاوی دوکان ڕون نەبێتەوە، ناتوانین ئاوی خوارنەوە بەسەر ماڵاندا دابەش بکەین".

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات " جگە لە تەواوی شاری سلێمانی، لە چەمچەماڵ و تەکیە و بازیان و پیرەمەگرون و گۆپاڵەش تا کاتی ڕوون بوونەوەی ناتوانن ئاو دابەش بکەن".

دوو رۆژ لەمەوبەر ئاوی سلێمانی رایگەیاند" بەهۆی تەقینی سەرچاوەو کانیاوەکانی ئاوی سەرچنارەوە، چەند گەڕەکێکی شارەکە بێ ئاو دەبێت، ئەمڕۆش ئەو فەرمانگەیە لێڵبوونی ئاوی دوکانیشی خستە سەر".
 



AM:11:24:18/02/2018