وادەی دابەشكردنی موچە ئاشكراكرا

موچەی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو پاشەكەوت كرا و وادەی دابەشكردنی موچەی مانگی یەكی ئەمساڵیش ئاشكرادەكرێت.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست "سپی میدیا" كەوتووە موچەی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو بە بڕیاری حكومەتی هەرێم پاشەكەوت كراوە و دابەش ناكرێت.

هاوكات بەگوێرەی ئەو زانیاریانە لە ئێستادا زۆربەی بەڕێوەبەرایەتیەكانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی خشتەی موچەی مانگی یەكی ئەمساڵیان بە سیستمی نوێی موچە ئامادەكردووە و سبەی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی دەكرێت.

هاوكات سەرچاوەیەك لە پەروەردەی سلێمانی بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "پەروەردەكان سەرقاڵی ئامادەكردنی لیستی موچەی مانكگی یەكی ئەمساڵن كە بەگوێرەی سیستمی نوێی موچە ئامادە دەكرێت".

سەرچاوەكە وتیشی لە وەزارەتی داراییەوە پێیان ڕاگەیاندوین كە "ئەم هەفتەیە موچەی وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە و داراییش دابەش دەكرێت".

ئەوەش لەكاتیچكدایە كە زیاتر لە هەفتەیەكە خۆپیشاندان و ناڕەزایی كارمەندان و پزیشكان و مامۆستایان و فەرمانبەران لە بەشێك لە شار و شارۆچكەكانی هەرێم بەردەوامی هەیە، داوا دەكەن كۆتایی بە سیستمی پاشەكەوتی موچە بهێندرێت.



PM:02:35:02/04/2018