کاندیدێکی ژن ماچێک بە 100 ملیۆن دۆلار دەفرۆسێت

ژنە کاندیدێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە شاری نەجەف، لەبەرانبەر ماچکردنی وێنەکەی لەلایەن گەنجێکەوە بڕی 100 ملیۆن دینار لەسەر هۆزی گەنجەكە وەردەگرێت.

لەسەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پۆستەری ژنە کاندیدەکان کەوتنە بەرشاڵاوی توانج و پیا‌هەڵدانی گەنجانی عێراق، بەتایبەت ئەو ژنانەی کە جوان و سەرنجڕاکێشن رەواجی زیاتریان پەیداکردبوو لەلایەن گەنجانەوە تا کار گەیشتە ماچکردنی پۆستەرەکانیان.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا گرتەیەکی ڤیدیۆیی گەنجێکی شاری نەجەف بڵاوکرایەوە، كە لە هۆزی "ئەلمەجاتیم"ە لە شاری نەجەف و پۆستەری هەدبا ئەلحەسناوی، كاندیدی لیستی "ئەنسارولحەق" سەر بە هۆزی "ئەلبووعزێب" لە پارێزگای نەجەف ماچ دەكات، بەڵام هەرزوو هۆزی ژنە کاندیدەکە داوای رادەستكردنی ئەو كوڕەی هۆزی بەرامبەریان كرد كە پۆستەرەكە ماچ دەكات، تا لەبەرامبەر ئەو کارەیدا لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت.

ئەو گەنجەی کە هەراکەی لە نێو ئەو دوو هۆزە ناوەتەوە، لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا سەرسامی خۆی بۆ ئەو ژنە کاندیدە دەردەبڕێت و چەندینجار پۆستەرەکە ماچ دەکات و دەڵێت،"نەفرەت لە باب و باپیرم ئەگەر دەنگ بە تۆ نەدەم، ماشەڵڵا ماشەڵڵا لەو دەم و لێوە جوانە..". پاشان پەنجەی تەڕ دەكات و لەسەر دەموچاوی ئافرەتەكەی دەدات و دەڵێت "ئەوەش پەنجەمۆری من بۆ تۆ، بە نەفرەت بم ئەگەر دەنگ نەدەم بە تۆ".

لەپاش ماچکردنی پۆستەرەکە گرتەی ڤیدیۆیی چارەسەركردنی كێشەكە بڵاوكرایەوە، كە بە پارە كێشەكەیان چارەسەر كردووە، بڕی پارەكەش 100 ملیۆن دینارە، لەگەڵ ئەوەشدا كەسوكاری كوڕەكە بە بەرچاوی كەناڵەكانی راگەیاندنەوە داوای لێبوردنیان لە هۆزەكەی هەدبا حەسناوی كرد و رایانگەیاند، ''بێگومان ئەو پارەیە شتێكی رەمزیە، هۆزی كچەكە لەسەر حەقن و ئەوان مافیان هەیە چۆن سزای بەرامبەرەكەیان بدەن، سەرباری ئەوەش سوپاسیان دەكەین كە بڕیاری تۆڵەكردنەوەیان نەدا".





AM:10:55:23/04/2018