ڕووداوێکی ھاتوچۆ لەسەر ڕێگای سلێمانی ـ وارماوا حەوت قوربانی لێکەوتەوە

سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لە ڕووداوێکی ھاتوچۆ لەسەر ڕێگای سلێمانی ـ وارماوا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی تریش برینداربوون.

ڕاگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، ڕووداوەکە لە نزیک گوندی میرەدێ لە نێوان تانکەرێکی گواستنەوەی سوتەمەنی و ئۆتۆمبێلێک لە جۆری نیسان دەبڵ پیک ئاب-دا ڕوویداوە، بەهۆیەوە شۆفێر و چوار سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها ئاشکرایکردووە، لەلایەن مەفرەزەکانی پۆلیسەوە شۆفێری تانکەرەکە دەستگیرکراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەش بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە.

بریندارەکانیش گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن و تەرمی قوربانییەکانیش ڕەوانەی پزیشکی دادوەری سلێمانی کرا.

هەر ئەمڕۆ بەهۆى ڕووداوێکى تری هاتوچۆوە لەسەر ڕێگەى دەربەندیخان ـ سلێمانى دوو کەس گیانیان لەدەستدا و چوار کەسیش برینداربوون.



PM:05:35:27/04/2018