یەكێتی وەفدێکی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکانی هەرێم پێکهێنا

مەكتەبی سیاسی یەكێتی وەفدێكی باڵای بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاستی كوردستان پێكهێنا، بڕیارە لە هەفتەی ئایندەشدا كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی‌و ئەنجومەنی ناوەندی ئەنجامبدرێت.

کاتژمێر ١١:٠٠ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ، مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، کۆسرەت رەسوڵ بەسەرپەرشتی جێگری سكرتێری گشتی، كۆبونەوەی ئاسایی لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن‌و ریزبەندی لایەنە سیاسیەكانی عێراق‌و كێشمەكێشەكانی چۆنیەتی پێكهێنانی كابینەی نوی، ئەنجامدا.

لە پاش کۆبونەوەکە مەکتەبی سیاسی یەکێتی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەیەكەمین ساڵڕۆژی كۆچی دوایی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، نەوشیروان مستەفا، هاوكات، كۆچی دوایی دامەزرێنەرێكی دیكەی یەكێتی‌و عادل موراد بو،، وەكو ئەركی وەفاداری‌و پێزانینی لەڕادەبەدەری بۆ هەردوو جوامێری كۆچكردوو، مەكتەبی سیاسی، سەری رێزی بۆ دانەواندن‌و داوای لە تەواوی یەكێتیەكانیش كرد، ئەركی ماتەمگێڕی‌و قەدرزانی بۆ تێكۆشانی بێوچانی هەردوو تێكۆشەر، جێبەجێ بكەن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، مەكتەبی سیاسی لە کۆبونەوەکەدا جەختی لەبەردوامی خەبات كردەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناو لایەنە سیاسییە كوردستانیەكان، هەتا یەك ستراتیژی كوردستانی، دوای ئەم هەڵبژاردنە، بە دەرس وەرگرتن لە زیانەكانی نەبونی یەكڕیزی ناو لایەنە كوردستانیەكان، لە چوار ساڵی رابوردوودا، بەرنامەی هاوبەشمان لەسەر ئاستی عێراق، بۆ مافە دەستوری‌و سیاسی‌و ئابوری‌و هاوپشكی حوكمڕانی، هەبێ‌. بۆئەوەی یەكێتی بەوردیی‌و وریایی دۆخی بەغدادو، ململانێ‌و سیاسەتی هەموو لایەك بێ‌، وەفدێكی باڵای دانوستاندن بۆ لایەن‌و جەمسەرەكانی عێراق پێكهێنا.

هەروەها هاتووە، لەسەر ئاستی كوردستان، سیاسەتی یەكێتی دوورە لە تومەتهەڵبەستن‌و سیاسەتی كاردانەوە، ئەنجامی توێژینەوەی یاسایی لەسەرانسەری عێراقدا، یەكلاكەرەوە دەبێ‌. سەرەڕای تومەتەكان‌و هەڵمەتی پروپاگەندە، یەكێتی خۆی بە بەرپرسیاری چارەنوسی دۆخەكە دەزانێ‌، دەرگاكانی بۆ گەڵاڵەی هاوبەش، لەگەڵ تەواوی لایەنەكاندا كراوەیە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەی مەکتابی سیاسی یەکێتی دا هاتووە، لەم پێناوەشدا، مەكتەبی سیاسی وەفدێكی باڵای بۆ گفتوگۆ لەسەر ئاستی كوردستان، پێكهێناو لەهەفتەی ئایندەشدا، كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی‌و ئەنجومەنی ناوەند، ئەنجامدەدرێ‌.




PM:02:59:19/05/2018