وادەی دابەشكردنی موچە ئاشكراكرا

وەزیری‌ پەروەردەی‌ حكومەتی‌ هەرێم وادەی‌ دابەشكردنی‌ موچەی‌ مانگی‌ سێ‌ ئاشكرادەكات و دەشڵێت"پارەی‌ هاندانی‌ مامۆستایان بۆ ئەوكاتە بوو كە دۆخی‌ موچە خراپبوو".

لەمیانی‌ كۆنگرەیەكی‌ ڕۆژنامەوانیدا لەشاری‌ هەولێر د.پشتیوان سادق، وەزیری‌ پەروەردەی‌ حكومەتی‌ هەرێم دەستپێكردنی‌ تاقیكردنەوەكانی‌ كۆتایی ساڵی‌ ئاشكراكرد و ڕایگەیاند، "چوار هەزارو 100 هۆڵی‌ تاقیكردنەوە لەهەرێمی‌ كوردستان بەگشتیی بۆ هەردوو قۆناغی‌ (9و 12) هەیەو 25 هەزار مامۆستاش پرۆسەی‌ سەرپەرشتیاری‌ و چاودێریان لەئەستۆدایە".

لەبارەی‌ بڕینی‌ هێڵی‌ ئینتەرنێتیش وتی‌ "هەموو ڕۆژێك كاتژمێر 8 بۆ 10ی‌ بەیانی‌ هێڵەكانی‌ ئینتەرنێت نامێنێت واتە تەنها دوو كاتژمێر لەڕۆژێكدا بەهۆی‌ تاقیكردنەوەوە هێڵەكان نامێنن، تاقیكردنەوەكانیش دوو هەفتە دەخایەنن".

ئاماژەی‌ بەبردنی‌ پرسیارەكان بۆ ناوچە دابڕێندراوەكان كردو ئاشكرایكرد، "بردنی‌ پرسیارەكان بۆ ناوچە دابڕێندراوەكان پارێزراوەو هیچ كێشەیەكی‌ تێدانییە".

ڕەتیشیكردەوە، هیچ حاڵەتێكی‌ دزەپێكردنی‌ پرسیارەكانی‌ كۆتایی ساڵ لەهەرێمی‌ كوردستان هەبێت، وەكو وەزیری‌ پەروەردە جەختیكردەوە، "پرسیارەكان زۆر ئەمینەو ناچێتە دەرەوە، بینیشمان ساڵانی‌ ڕابردوو یەكەم و دوەم و سێیەمەكان لەخەڵكە زۆر هەژارەكان بون، ئەوەشی‌ بڵاوبۆتەوە تەنها پڕوپاگەندەیە".

وەزیری‌ پەروەردە وادەی‌ دابەشكردنی‌ موچەی‌ وەزارەتی‌ پەروەردەی‌ ئاشكراكردو باسی‌ لەپارەی‌ هاندانیش كردو ڕایگەیاند، "پارەی‌ هاندان بۆ ئەوكاتەبوو كە موچە خراپ بوو، بەڵام ئێستا دۆخی‌ موچە باشبوە، بۆ موچەی‌ مامۆستایانیش سەرەتای‌ مانگی‌ شەش موچەی‌ مامۆستایان دابەشدەكرێت".

هاوكات پەیامێكیشی‌ ئاراستەی‌ خوێندكاران كردو تەئكیدیكردەوە، "وەكو وەزارەتی‌ پەروەردە بەهەموو شێوەیەك هاوكاری‌ خوێندكارانی‌ هەردوو قۆناغی‌ 9 و 12 دەبین و هاوكارییان دەكەین".



AM:11:39:27/05/2018