بە تۆمەتی سوتاندنی کۆگاکانی کۆمسیۆن چوار کەس دەستگیرکران

دادگای لێکۆڵینەوەی ڕەسافە بە تۆمەتی سوتاندنی کۆگای کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، چوار کەس دەستگیرکران.

لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردوەتەوە عەبدولستار بەیرەقدار، وتەبیژی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ئاماژەی بەوەداوە، چوار کەس بە تۆمەتی سوتاندنی کۆگاکانی کۆمسیۆن  بەفەرمانی دادگای رەسافە دەستگیرکراون، کە سیانیان کارمەندی پۆلیسن و ئەوەی دیکەشیان کارمەندی کۆمسیۆن خۆیەتی.

ئەوەشی خستوەتەڕووکە، ئەنجومەنی باڵای دادوەری هۆشدارییەکانی خۆی دووپاتکردەوە لە دژی هەر کەسێک، بیەوێت یاری بە بەڵگەنامەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنەکان بکات، چونکە خۆی ڕووبەڕووی قورسترین سزا دەکاتەوە.

پاش نیوەڕۆی دوێنێ یەکشەممە ١٠ی حوزەیران، وەزارەتی ناوخۆی عێراق روداوێکی کەوتنەوەی ئاگەی لە یەکێک لە کۆگاکانی هەڵگرتنی سندووقەکانی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، لە ناوچەی رەسافەی بەغدا، کە بەشێک لە دەنگەکانی هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی تێدایە و سەرجەم سندوقەکانی ناو کۆگاکەش سوتاون.

 دوای روداوەکەش حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، فەرمانیکرد بە سەرکردایەتی ئۆپراسیۆنەکان لە پارێزگاکان ڕێوشوێنی ئەمنی لەبەردەم کۆگاکانی کۆمسیۆن بگرنەبەر و ژمارەی هێزی ئەو شوێنانە زیادبکەن.


PM:10:57:11/06/2018