دیلۆیت راپۆرتێکی لەبارەی ووردبینی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستن بڵاوكردەوە

كۆمپانیاى وردبینیى دیلۆیت دووەمین راپۆرتى لەبارەی پرۆسەی دەرهێنان و هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان لە شەش مانگی دووەمی 2017 بڵاودەکاتەوە.

دیلۆت لەراپۆرتەکەیدا، وردبینیی شەش مانگی دووەمی ساڵی 2017ی بە بەراورد لەگەڵ راپۆرتی بڵاوكراوەی شەش مانگی یەكەمی هەمان ساڵ بە ژمارە و زانیاری نوێی خستووەتەڕوو لەگەڵ وردەكاریی بڕگەكانی خەرجییە گشتییەكانی دیكە جگە لە خەرجییەكانی پەیوەندیدار بە پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت و خەرجییەکانی مووچە.

بەگویرەی راگەیەندراوەکەی دیلۆت، کۆمپانیاکەیان لەلایەن ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گازی هەرێمی كوردستانەوە دەستنیشانكراون بۆ ئەنجامدانی وردبینی لە خشتەی بەرهەمهێنان، هەناردەكردن، بەكاربردن و داهاتی نەوت بۆ ساڵی 2017 و هەروەها بۆ ساڵەكانی پێشووتری 2014 ،2015 ،2016.

دەشڵێت، رێكارەكانی ئەوان بۆ ئەو راپۆرتە پێكهاتبوون لە وردبینیكردنی هەناردەكردن و تۆماری فرۆشتنەكان، ئەنجامدانی سەردانی مەیدانی پێویست، داواكردنی زانیاری لە كۆمپانیاكانی نەوت، هەروەها گرتنەبەری رێكاری دیكەی پێویست.

كۆمپانیای دیلۆیت ئەوە دەخاتەڕوو، "بۆ هەناردەكردن و بەكاربردنی نەوت هیچ بەیانێكی نادروستمان بەدینەكردوە لە زانیارییەكانی هەناردەكردن و بەكاربردنی نەوت لە ماوەی نێوان 1ی تەمموزی 2017 تا 31ی كانونی یەكەمی 2017، هەروەها بۆ فرۆشتنی نەوتیش هیچ بەیانێكی نادروستیان بەدینەكردوە لە زانیارییەكانی فرۆشتنی نەوت و كۆی بڕی پارەی وەرگیراوی مانگانە لە ماوەی نێوان 1ی تەمموزی 2017 تا 31ی كانونی یەكەمی 2017".

 دەقی راپۆرتەکە...

لە چوارچێوەى پرِۆژەى وردبینى سەربەخۆى كەرتى نەوت و گاز لە هەرێمى كوردستان كە پێشتر بە برِیارى ئەنجومەنى وەزیران لە مانگى شوباتى 2016 كەوتە بوارى جێبەجێكردنەوە، ئەمرِۆ داتا و زانیاریی نوێ دەربارەی ئەنجامی وردبینی بەرهەمهێنان، هەناردەكردن، بەكاربردن و خەرجى و داهاتەكانی نەوت لە پێگەی رِەسمیی حكومەتى هەرێمى كوردستان بلآوكرایەوە، ئەمەش بۆ تەواوكردنی ئەو زانیارییانەی كە پێشتر لەرِاپۆرتی وردبینی لە ڕۆژی ١٦ی كانونی دووەمی ساڵى 2018 دا سەبارەت بە ئەنجامی وردبینی شەش مانگى یەكەمى هەمان ساڵ پێشكەش بە رِای گشتی لەناو هەرێمی كوردستان و دەرەوە كرا. 
 
ئەم داتا و زانیارییە نوێیانە، كە لەلایەن (كۆمپانیای جیهانی دیلۆیت بۆ وردبینی و رِاوێژكاری) وردبینیكراوە وەك یەكێك لە چوار كۆمپانیا گەورەكانى دونیا، زانیاری گرنگ بە ژمارەى وردبینیكراو لەخۆدەگرێت دەربارەی بەرهەمهێنان، هەناردەكردن، بەكاربردن و داهاتى نەوت لە ماوەی نێوان 1ی تەمموزی 2017 تا 31ی كانونی یەكەمی 2017. 
 
ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز دووپاتى دەكاتەوە كە مافی گشت هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانە زانیارییان هەبێت دەربارەی ئەو ژمارە و داتایانەی سەبارەت بە بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و بەكارهێنانی ناوخۆیی و داهاتەكانی نەوت كە ئەمرِۆ پێشكەش كراون، بە تایبەتیش كە ئەو داتا و زانیارییە بڵاوکراوەنە بە شێوەیەكی فەرمی پشترِاستكراونەتەوە لەلایەن كۆمپانیایەكی وردبینیی جیهانی، ئەمەش وەك بەشێك لە هەوڵەكانى حكومەتى هەرێمی كوردستان بۆ برەودان بە شەفافیەت و لێپرسینەوە و حوكمرِانیی ڕەشید لە هەرێمی كوردستان. 
 
لەم ڕاپۆرتە وردبینییەی شەش مانگی دووەمی ساڵی 2017 بە بەراورد لەگەڵ ڕاپۆرتی بلآوكراوەی شەش مانگی یەكەمی هەمان ساڵ بە پشتبەستن بە زانیاریی بەدەستهاتوو لە خاوەن بەرژەوەندییەكان و لەدوای پشترِاستكردنەوەیان، ژمارە و زانیاری نوێ خراوەتەڕوو بەدیاریكراوییش وردەكاریی بڕگەكانی خەرجییە گشتییەكانی دیكە جگە لە خەرجییەكانی پەیوەندیدار بە پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت و خەرجییەکانی مووچە، و خستنەرِووی تێكڕاى نرخی مانگانەى یەك بەرمیل نەوتى خاوی فرۆشراو بە بەراورد بە نرخى نەوتى جیهانی برێنت كە لە ماوەی شەش مانگی دووەمی ساڵی 2017 بەدەستهاتوون و چەند زانیارییەكی دیكەی نوێ لەم ڕاپۆرتەدا.
 
ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز بەڵین دەدات لەسەر بەردەوامبوون لە بڵاوكردنەوەی داتا و زانیاریی وردبینیكراو و پشتڕاستكراو لەلایەنی سێیەمی سەربەخۆ سەبارەت بە داهات و خەرجی و پرۆسە جیاجیاكانی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان بە ئامانجی بەدەستهێنانی متمانەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.
 
ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز كاردەكات لە پێناوی دەستەبەركردنی رِاپۆرتی وردبینی دەوری لەسەر ئەم داتا و زانیارییانە بۆ بەردەم ڕای گشتی ناوخۆ و نێودەوڵەتی لەڕێی هەردوو كۆمپانیای جیهانی (Deloitte) و (Ernst & Young). هەر لەم ڕوانگەیەشەوە، وا چاوەرِوان دەكرێت داتا و زانیارییەكانی دەرئەنجامی وردبینی ماوەی نێوان 1ی كانونی دووەمی 2018 تا 31ی ئاداری 2018 لە مانگی ئابی 2018دا بۆ ڕای گشتی بڵاوبكرێنەوە هاوشێوەی هەردوو  ڕاپۆرتی شەش مانگی یەكەم و دووەمی ساڵی 2017.
 
دەتوانن لەم لینكەدا دەقی ڕاپۆرتی دیلۆیت بە ئیمزاكراوی و بە فۆرمی PDF سەبارەت بە وردبینیی هەناردەكردن، بەكارهێنانی ناوخۆیی، داهات و خەرجییەكانی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان بۆ شەش مانگی دووەمی ساڵی 2017 بە هەر سێ زمانی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی دەستبخەن.
 
دەتوانن لەم لینكەدا بە فۆرمی PDF نامیلكەیەكی هاوپێچ بە هەردوو زمانی كوردی و ئینگلیزی دەستبخەن كە (27) پرسیار و وەلآمی لەخۆگرتووە بۆ ڕوونكردنەوەی پێویست و ئاسانكاریی تێگەیشتن لە برِگەكانی رِاپۆرتی دیلۆیت.




AM:09:58:01/08/2018