هەناردەكردنی نەوتی كەركوك بۆ ئێران راگیرا

هەناردەكردنی نەوتی كەركوك بۆ ئێران راگیرا و وەزارەتی نەوتی عێراقیش ئامادەكاری دەكات بۆ هەناردەكردنی نەوتی ئەو پارێزگایە بۆ توركیا دەكات.

ئەحمەد عەسكەری، سەرۆكی لیژنەی وزە لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە، "حكومەتی عێراق ناردنی نەوتی كەركوكی بۆ ئێران راگرتووە و ئێستا دەیەوێت نەوت بۆ توركیا بنێرێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكردووە، "تەنها دەرچە بۆ ناردنی نەوتی كەركوك بۆریە نەوتیەكانی هەرێمە، هەندێك زانیاری هەیە هەرێم و بەغدا دوو هەفتە لەمەوبەر لەسەر ئەو پرسە رێككەوتوون".

دەنگی ئەمریكا لەزاری سەرچاوەیەك لە وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویكردووەتەوە، ئامادەكاری هونەری بۆ ناردنی نەوتی كەركوك بۆ توركیا تەواو بووە و ئەگەر وەزارەتی نەوتی عێراق بریار بدات، لە زووترین كاتدا دەتوانرێت دەست بەناردنی نەوتی كەركوك بۆ توركیا بكرێت، بەڵام هێشتا بریاری نەداوە.

كۆتایی مانگی رابردوو ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەكانی ئاگادار لە هەناردەكردنی نەوتی عێراقەوە بڵاویكردەوە، هەناردەكردنی نەوتی كەركوك بۆ ئێران ڕادەگیرێت، وەك پابەندبوونێك بە سەپاندنی گەمارۆكانی ئەمریكا بەسەر ئێراندا.

دوای زیاتر لە ساڵێك وەستانی هەناردەی نەوتی كەركوك بە بۆری بەهۆی ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە، چاوەڕواندەكرێت جارێكی تر ئەو پڕۆسەیە دەستپێبكاتەوە.

چەند رۆژ پێش ئیستاش رۆژنامەی فاینانشڵ تایمزی بەریتانی لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە ئاشكرایكرد، لە ساڵی ڕابردووەوە گفتوگۆكان سەبارەت بە پرسی نەوتی ناوچە كێشەلەسەرەكان لە نێوان بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و بەغدا دەستیپێكردووە، بەڵام لەم چەند ھەفتەیەی دواییدا گفتوگۆی چڕتر ئەنجامدراون و پێشبینیش دەكرێت ھەر لەم مانگەدا بگەنە ڕێككەوتنێك.



PM:02:43:11/11/2018