ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلول دەکرێت

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەکارییەکانی بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلولی مووچەخۆران دەستپێکرد و زانیاری لەبارەی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەماڵیش ئاشکرادەکرێت

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە لە سەرچاوەیەکی وەزارەتی داراییەوە دەستکەوتووە داوا لە گەنجینەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی کراوە بەپەلە وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی ئەیلولی ئەمساڵی مووچەخۆران بکرێت.

ئەو سەرچاوەیە ڕوونیشی کردووەتەوە، داوا لە گەنجینەکان کراوە پێش کۆتایی هاتنی ساڵی دارایی 2018 لیستی مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12ی ئەمساڵی مووچەخۆران وردبینی تێدا بکرێت و بۆ ئەم مەبەستە لەلایەن گەنجینەکانەوە هۆشداری بە سەرجەم فەرمانگەکان دراوە لە ئەگەری نەناردنی لیستی مووچەی ئەم سێ مانگە ئەوا سەرجەم مامەڵەکانیان و پێشینەی مانگانەیان ڕادەگیرێت.

بەگوێرەی زانیاریەکانیش چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی مووچەی مانگی 9 بە هەمان سیستەمی مانگی ڕابردوو دەست پێ بکات.

لەبارەی چارەنووسی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ تا ئێستا وەزارەتی دارایی بەفەرمی هیچ بڕیارێکی دەرنەکردووە، ئایا مووچەی ئەم سێ مانگە دەکرێتە پاشەکەوت یاخود لەسەرەتای ساڵی نوێ مووچەی مانگی 10 لە مانگی یەکی 2019 دابەش دەکرێت.



PM:04:01:25/11/2018