مەریوان وریا قانع: ئەم کارەی بارزانی خود نەفرەتیە

مەریوان وریا قانع نووسەر و ڕۆشنبیرى ناسراوى کورد، ڕێگریکردنى کەناڵە کوردییەکان لە ڕووماڵکردنى سەردانەکەى مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ بەغدا بە "خود نەفرەتى" ناودەبات.

مەریوان وریا قانع  لەبارەى  ڕێگرییکردنى ڕووماڵکردنى کەناڵە کوردییەکانەوە لەلایەن تیمى تایبەتى ڕێکخستنى سەردانەکەى مەسعود بارزانییەوە بۆ بەغداد ئاماژەى بەوە کردووە، "ھیچ شتێک تەفسیری ئەو ھەڵسوکەوتەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ناکات کە کەناڵی ئێن ئاڕ تی باسیدەکات، جگە لەو چەمکە سایکۆلۆژییە تایبەتە نەبێت کە ناوی (خودنەفرەتییە)".

مەریوان وریان قانع چەمکى "خود نەفرەتى" ڕووندەکاتەوە و دەڵێت، "خود نەفرەتی مانای ڕق و نەفرەتکردن لە خود، لە ھاوزمان و ھاوڕەگەز و ھاونیشتیمانی خۆت. ئەم جۆرە لە نەفرەتکردن ئاکاری ئەو کەس و گروپانەیە کە لەناو پەیوەندییەکی کۆلۆنیالیدا ژیاون و گەورەبوون، پەیوەندییەک لەناویدا ھێزە داگیرکەر و چەوسێنەرەکان بەردەوام ئەو کەسە و میلەتەکەیان وەک کەس و شتێکی بچووک و بێ نرخ و گرگن سەیرکردبێت و بەنەفرت کرابن."

مەریوان وریا قانع ئاماژەى بەوەش کردووە، "لە ئەنجامدا ئەم کەسانە ئەو ڕق و نەفرەتە دەرەکییەیان بە ناوەکی کردووە و لە پێگەی دەسەڵاتی ڕێژەیی خۆیاندا بەسەر ھاوزمان و ھاوڕەگەز و ھاونیشتمانییەکانی خۆیاندا قڵپیدەکەنەوە."

ئەوەشى خستوەتەڕوو، "ئەوەی کە بارزانی دەرگاکەی بە ڕووی میدیا عەرەبییەکاندا کراوەبووە، تەنانەت بە ڕووی ئەوانەشدا کە سوکایەتییان بە خۆی و بە دانیشتووانی ھەرێم کردووە، بەڵام بە ڕووی میدیا کوردییەکانی دەرەوەی پارتەکەی خۆیدا داخراوبووە، تەنھا یەک مانای ھەیە. مانای بە سووک تەماشاکردنی ھاوزمان و ھاونیشتمانییەکانی خۆت و ئامادەگیی خود نەفرەتییەکی قووڵ و ھەمەلایەن."

ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرە دیارەى کورد ئەوەشى وتووە، "ھەر ھێزێک ئەو ھەموو ڕقەی لە ھاوزمان و ھاونیشتمانییەکانی خۆی بێت، بەر لە ھەموو شتێک پێویستی بە خۆڕزگاکردن لەو ڕقە ھەیە، بەر لەوەی بتوانێت تەنانەت نوێنەرایەتی خۆشی بکات. خۆڕزگاکردنیش لەو ڕقە کارێکی ئاسان نییە، لە ئاستە سیاسییەکەیدا پێویستی بە عەقڵانییەتێکی سیاسیی ھەیە کە لە ھەرێمدا بوونی نییە."

پێشتر کەناڵی ئێن ئاڕتی لە هەواڵێکیدا بڵاویکردەوە لەسەردانى ڕۆژى پێنجشەممەی (٢٢ى تشرینى دووەمى ٢٠١٨) مەسعود بارزانییدا بۆ بەغدا، پەیامنێرانى زۆربەى کەناڵە کوردییەکان داوایان لە تیمى تایبەت بە ڕێکخستنى سەردانەکەى بارزانى کردووە کە ڕێگەیان پێبدەن ڕووماڵ بکەن، بەڵام پێیانوتراوە سەردانەکە حزبییە و جگە لە کەناڵەکانى پارتى ڕێگە بە هیچ کەناڵێکى دیکە نادەن ڕووماڵى سەردانەکە بکەن، بەڵام "سەرجەم کەناڵە عەرەبى و عێراقییەکان حزوریان هەبوو، لەوانەش ئەلغەد و ئافاق و غەدیر، کە بە شێوەیەکى بەردەوام بە شێوازێکى سەلبى ڕووماڵى سیاسەتەکانى بارزانى و هەموو ئەو پرسانەیان کردووە کە پەیوەستە بە هەرێمى کوردستانەوە. هەندێک لەو کەناڵانەش لە سەروبەندى ڕیفراندۆمدا جۆرەها تۆمەت و وێناى ناشرینیان بۆ خودى بارزانى کردووە".



AM:08:39:29/11/2018