چەند کەسێک بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکران

محمد فازیل وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەرین رایگەیاند دەستیان بە سەر بڕێکی زۆر لە ماددەی هۆشبەردا گرتووە و شەش کەسیش بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون.

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا محمد فازیل، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەرین ڕایگەیاند: لە درێژەی کارو چالاکیەکانی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەرین، و یاریدەدەرێتی ئاسایشی قەڵادزێ و بەشی ماددە هۆشبەرەکان ، دەستیانگرتووە بە سەر بڕی ٤٥۰ گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری شیشە.

ڕاشیگەیاند، لە چالاکیەکی دیکەدا لە ناو باخێکدا لە گوندێکی سەر بە قەزای پشدەر توانرا دەست بە سەر ۷۷۰ دەنک حەبی ترامادۆڵی  ۲۰۰میللی گرامیدا بگیرێت.

ئەوەشی ڕاگەیاند، لە گەرەکی هەنارۆکی قەڵادزێ دەستیان بە سەر بڕی ٤٨۰ گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری شیشەدا گرتووە، و لە چالاکیەکی دیکەدا بە هاوکاری یارەدەدەرێتی ئاسایشی قەڵادزێ، توانرا دەست بەسەر ۱٤گرام شیشە و ۲۰۰ دەنکە حەبی ترامادۆڵدا بگیردرێت.

روونیشیکردەوە، ئەو کەسانەی دەستگیر کراون، تەمەنیان لە نێوان ۳۰ بۆ ٤٥ ساڵە و تۆمەتبارن بە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و لە ئێستاشدا بە پێی ماددەی ۱٤ی ماددە هۆشبەرەکان پەراوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.

ئەمیر حەسەن



PM:05:44:16/12/2018