پۆلیسی سلێمانی: لە ناحیەی وارماوا كەسێك كوژرا

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت لەگوندێكی‌ سەر بەناحیەی وارماوا گەنجێكی 26 ساڵ بەفیشەك كوژرا و "دوو كەس دەستگیركراون كە تۆمەتبارن بەكوشتی گەنجەكە".

بەشی‌ ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی‌ پۆلیسی‌ سلێمانی‌ لە راگەیەندراوێكدا كەوێنەیەكی بۆ "سپی" هاتووە، رایدەگەیاندووە بەیانی ئەمڕۆ 17-12-2018، لەگوندی قەڵبەزەی سەربە ناحیەی وارماوا گەنجێكی 26 ساڵ بەفیشەك كوژرا، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمەكانی بەڵگەی تاوان كەشف و هێڵكاری بۆ شوێنی ڕوداوەكە كرا و لەلایەن هێزەكانی بنكەی پۆلیسی وارماوا دوو كەس دەستگیركران كە تۆمەتبارن بە كوشتی گەنجەكە.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە كە گەنجە كوژراوەكە ناوی (ع. م. س) و لەدایكبووی 1992، پیشەی‌ خوێندكاربوە،"بەیانی ئەمڕۆ بە چەكی جۆری كڵاشینكۆف كوژرا".

پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ راشیدەگەیەنێت: لەئێستا هەریەك لەتۆمەتباران(ع. ع. أ) و (س.ف.أ) بەفەرمانی داوەرو بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون و دەستیشگیراوە بەسەر چەكی بەكارهاتوودا، هاوكات لەلایەن بنكەی پۆلیسی وارماواوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕوداوەكە كراوەتەوە.



AM:11:39:17/12/2018