بانكی رافیدەین مەرجەكانی پێدانی قەرزی 30 ملیۆن دیناری بە هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای نەینەوای ئاشكرا كرد و ناوچە كوردستانیەكانیش دەگرێتەوە
رۆژی 20/12/2018، بانكی رافیدەین لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، لە شارەكانی سنووری نەینەوا بڕی 30 ملیۆن دینار و لە گوندەكانیش بڕی 15 ملیۆن دینار بەو هاووڵاتییانە دەدەن، كە خانووەكانیان لە ئەنجامی شەڕەكاندا وێران بوون.
قەرزەكە تەنیا خەڵكی سنووری پارێزگای نەینەوا بە ناوچە كوردستانییەكانی دەشتی نەینەوا، مەخموور و شنگالیشەوە، دەگرێتەوە.
مەرجەكانی قەرزەكە:
- تەنیا بۆ ئەو كەسانەیە، كە خانووەكانیان وێران بوون و هیچ بڕە هاوكارییەكیشیان بۆ ئاوەدانكردنەوە وەرنەگرتووە.
- دەبێ هاووڵاتی تاپۆی خانووەكە وەك رەهن لە بانك دابنێ تا قیستی قەرزەكە تەواو دەبێت.
- دەبێ هاووڵاتی لەماوەی 10 ساڵدا بە 120 قیست، قەرزەكە بداتەوە.
- قەرزەكە بە دوو بڕ دەدرێ، بڕێك دوای تەواوبوونی مامەڵە یاساییەكان و بڕێكیش دوای دروستكردنی نیوەی خانووەكە.
- دەبێ تاپۆی خانووەكە بەناوی داواكارەكە بێت و تا دانەوەی هەموو قەرزەكەش، داواكار ناتوانێ خانووەكەی بفرۆشێ.
- دەبێ قەرزەكە بۆ نۆژەنكردنەوەی خانووەكە تەرخان بكرێ و لە ئەگەری بەكارهێنانی بۆ مەبەستی دیكە، گرێبەستی قەرزەكە هەڵدەوەشێتەوە.
- داواكار و كەفیلەكە لە رسومات و باجەكانی سەریان ئاگادار دەكرێنەوە.
- دەبێ داواكار لە كۆمپانیایەكی حكوومی بیمەی ژیانی خۆی بكات و لە ئەگەری كوژرانی لە ئەنجامی كردەیەكی تیرۆریستی، بانكی رافیدەین بیمەكە لە بری قەرزەكە وەردەگرێت.
- ئەگەر داواكار لە ماوەی پێنج ساڵی یەكەم هەموو قەرزەكەی دایەوە، ئەوا لە سووی بانكی دەبووردرێت.