لە ئەنجامی بومەلەرزەکەی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە رۆژهەلاتی کوردستان ٣١ هاوڵاتی برینداربوون.
ئاژانسی هەواڵی ئیسنا لەزاری پیرحسێن کولیوەند سەرۆکی ڕێکخراوی فریاگوزاری ئێران بڵاویکردەوە، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە ٣١ هاوڵاتی لە شارەکانی گیلان غەرب و قەسری شیرین و سەرپێڵی زەهاو ڕەوانەی ناوەندە تەندروستییەکان کراون، کە لەو ژمارەیەش ٢٩ کەسیان چارەسەری پزیشکییان بۆ کراوە و ڕەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە، هاوڵاتییەکیش نەشتەرگەری بۆ کراوە و ئەوەی دیکەشیان لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.
سەرۆکی ڕێکخراوی فریاگوزاری ئێران ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرجەم ئەو کەسانە بەهۆی ترس لە بوومەلەرزەکە و هەڵاتنەوە برینداربوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.
لە کاتژمێر ٠٤:٤٢ خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦ پلە بە پێوەری ڕێختەر ناوچە سنورییەکانی نێوان ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمی هەژاندووە، کەبە قوڵی ١٠ کیلۆمەتر لەژێر زەوی ڕوویداوە و چەند خولەکێک پاش بوومەلەرزەکە چەند پاشلەرزەیەک بە گوڕی جیاجیا لە هەمان ئەو ناوچانە و لە ٢٥ کیلۆمەتری شاری خانەقین ڕوویانداوە.
هەروەها میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژە بەوەدەکەن، چەقی بوومەلەرزەکە شاری گیلان غەرب بووە و لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەستی پێکراوە.