بەڤیدیۆ...دانپێدانانی بەكارهێنەرێكی مادەی هۆشبەر بڵاودەكرێتەوە

پۆلیسی‌ سلێمانی‌ دانپێدانانی بەكارهێنەرێكی‌ ماددەهۆشبەرەكان بڵاوكردەوە، كە بڕێك ماددەی‌ هۆشبەریشی‌ پێبووە و بە وتەی خۆی تەنیا بەكارهێنەرە و بازرگانی پێوە نەكردووە.

لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە لە پەیجی فەرمی بەرشێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاوكراوەتەوە سەركەوت ئەحمەد، بەرێوەبەری‌ بەشی‌ راگەیاندن‌ و پەیوەندییەكانی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ رایگەیاند، دوای‌ ئەوەی‌ هێزەكانی‌ پۆلیس چاودێری‌ تۆمەتبارێكیان كرد كە پێشتر بەهۆی‌ بەكارهێنانی‌ مادەی‌ هۆشبەرەوە دەستگیركرابوو، دوێنێ توانرا لەلایەن بنكەی‌ پۆلیسی‌ سەرچنارەوە تۆمەتبارەكە دەستگیر بكرێت كە بڕێك مادەی‌ هۆشبەری‌ پێبووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، پاش وەرگرتنی‌ بڕیاری‌ دادوەر ماڵی‌ تۆمەتبارەكە پشكنێرا، توانرا دەست بەسەر بڕێكی‌ دیكە لەمادەی‌ هۆشبەردا بگیرێت كە بە وتەی خۆی‌، بۆخۆی‌ بەكاریهێناوە، بەڵام لێكۆڵینەوەكان بەردەوامە لەگەڵیدا تا بزانین تۆمەتبار تەنها بەكارهێنەری‌ مادەهۆشبەرەكانە یان بازرگانیشی‌ پێوەكردووە.

سەركەوت رونیشیكردەوە، كە ئەو تۆمەتبارە دوو جاری‌ دیكە بەهۆی‌ بەكارهێنانی‌ مادەی‌ هۆشبەرەوە دەستگیركراوە، جاری‌ یەكەم بەهەشت مانگ زیندانیی سزادراوە، جارێكی‌ دیكەش دەستگیركراوە و بەر لێبوردنی‌ گشتی‌ كەوتووەو ئازادكراوە، ئەمجارەش دەستگیركراوەتەوە و لەئێستادا تۆمەتبار بەبڕیاری‌ دادوەر بەندەو لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیدا بەردەوامە.





PM:12:33:07/02/2019