پارتی و گۆڕان لە پیرمام ڕێككەوتنەكەیان واژۆكرد

پارتی و گۆڕان لە پیرمام ڕێككەوتنەكەیان واژۆكرد و لەدوای واژۆكردنی رێكەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی، بزوتنەوەی گۆڕان داوا لە هەڵسوڕاوانیان دەكات پابەندبن بە رێكەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی.

ئەمڕۆ دووشەممە 18ی شوباتی 2019 لە پیرمام بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە هاوینەهەواری پیرمام ڕێككەوتنی نێوانیان تایبەت بە پێكهێنانی حكومەتی هەرێم واژۆكرد و هەریەك لە رۆژ نوری شاوەیس و جەلال جەوهەر كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان سازكرد.

لەكۆنگرەكەدا، رۆژ نوری شاوێس ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، بەهیوان رێكەوتنەكە ببێتە مایەی چارەسەری كێشەی هاووڵاتیان و حوكمڕانی لەهەرێمی كوردستان و رێكخستنی كاروبارەكانی حكومەت، وتیشی "لەگەڵ گۆڕان لەسەر پۆستە حكومیەكانی كابینەی نۆیەم رێكەوتووین".

وتیشی "گفتوگۆمان لەگەڵ یەكێتی بەردەوامەو دەمانەوێت یەكێتی كۆڵەكەی سەرەكی بێت لە حكومەتدا".

لای خۆیەوە، جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، وێڕای پیرۆزباییكردن لە هەردوولا، داوایەكی ئاڕاستەی لایەنەكان كردو رایگەیاند، داوا لەو لایەنانەش دەكەین كە ویستی بەشداریكردنیان هەیە لەكابینەی نۆیەم، بەشداری بكەن بۆئەوەی قەیرانەكانی هەرێم چارەسەر بكرێن.

وتیشی "داوا لە ئەندامان و هەڵسوڕاوانمان دەكەین پابەند بن بەڕێككەوتنەكەوەو بەرپرسیارانە كار بكەن بۆ سەرخستنی".



PM:01:45:18/02/2019