روونکردنەوە لەسەر بەشەخۆراکی هاوڵاتیان دەدرێت

پەرلەمانتارێكی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەبارەی بڕینی بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان، دەڵێت: "بەمەبەستی قەرەبووكردنەوەی هاووڵاتیان بەدواداچوونەكان بەردەوامە".

میادە محەمەد پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە رادیۆ "نەوا"ی ڕاگەیاندووە "هەوڵەكانمان بۆ قەرەبووكردنەوەی بەشە خۆراكی فەوتاوی هاووڵاتیان بەردەوامەو بەدواداچوونی پێویستمان لەوبارەیەوە كردووە، چونكە ئەوە حەقی هاووڵاتیانەو پێویستە قەرەبوویان بكرێتەوە".

پەرلەمانتارەکەی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دڵنیایشیدا لەوەی لەدوای دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران دووبارە بەدواداچوونی جدی لەوبارەیەوە دەكرێت و ئەوپرسە دەخرێتەوە بەرباس.

سەبارەت بەودەنگۆیانەی باس لە بڕینی بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان دەكەن، میادە محەمەد وتی: "ئەو دەنگۆیانە دوورن لەراستییەوەو هیچ شتێكی فەرمی لەوبارەیەوە نەوتراوە، ئەگەر بەشە خۆراكی مانگانەش ببڕێت بۆ سەرجەم عیراق دەبێت نەوەك تەنها بۆ هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەش پێویستە بەدیلی دیكە دیاری بكرێت، بەوەی پارە بدرێتە هاووڵاتیان".



PM:06:13:19/02/2019