هواوی مۆبایلە نوشتاوەكەی نمایش دەكات

كۆمپانیای هواوی مۆبایلێكی نوێی نمایش كرد كە توانای نوشتانەوەی هەیە و دەتوانرێت وەكو تابلێتێكی (8) ئینجی كاری پێبكرێت.

كۆمپانیای هواوی لە كۆنگرەیەكی تایبەتی جیهانی بۆ مۆبایل لە بەرشەلۆنە، بەرهەمێكی نوێی نمایش كرد كە توانای نوشتانەوەی هەیە و ئەمەش دوای ئەوەدێت چەند رۆژێك لەمەوبەر كۆمپانیای سامسۆنگ جۆرێكی دیكە مۆبایلی نمایش كرد كە هاوشێوەی هواوی دەنوشتێتەوە.

هواوی لە كۆنگرەكەدا مۆبایلەكەی بە ناوی (Mate x) نمایش كرد كە توانای پشتیوانیی سیستمی (G5) وای فای دەكات شاشەكەی توانای نوشتانەوەی هەیە دەتوانرێت وەكو تابلێتێكی (8) ئینچی كاری پێبكرێت. 

مۆبایلەكەی هواوی بە پێچەوانی مۆبایلە نوێیەكەی گالاكسی-یەوە، لە كاتی نوشتانەوەدا شاشەی مەیتی ئێكس یەك پارچەیە و تەنانەت لە كاتی نوشتانەوەشدا تەنیشتەكانی بەشێكن لە شاشەكە، بەڵام گالاكسی دەبێت بە دووپارچەی جیاوە.

 چاوەڕوان دەكرێت ئەو مۆبایلە لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا بە نرخی (2600) دۆلار لە بازاڕەكانی جیهاندا بفرۆشرێت.

ئەوە لەكاتێكدایە، ئەمەریكا هەوڵ دەدات وڵاتە هاوپەیمانەكانی لە ئەوروپادا، بەرهەمەكانی هواوی بەكارنەهێنن، چونكە پێیانوایە چین وەكو كەرەستەیەك بۆ سیخوڕێكردن بەكاری دەهێنێت.

لە لایەكی دیكەوە جیۆ پینگ، بەڕێوبەری گشتی هواوی رەتیدەكاتەوە هیچ هۆكارێكی سیاسی لە پشت بەرهەمەكانیانەوە هەبێت و  كۆمپانیاكەشیان هیچ یاسایەك پشتگوێ ناخات و پابەند دەبێت بە یاساكانی ئەو وڵاتانەی بەكارهێنەری بەرهەمەكانیانن.



PM:03:34:25/02/2019