لەبارەی پێدانی دوو مووچەوە ڕوونکردنەوە دەدرێت

جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لەسەر پێدانی دوو مووچە لەمانگی داهاتوو ڕوونکردنەوە دەدات و رایدەگەیەنێت: لەئێستادا عێراق یەك مووچە دەنێرێت، بۆیە لەهەرێمیش یەك مووچە دەدرێت، بەڵام بەبێ پاشەكەوت و بەتەواوی دەدرێت، بۆیە دوو مووچە دابەشناكرێت.

هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: ئەو قسانەی لەبارەی پێدانی دوو مووچە لەمانگی چوار دەكرێت راست نین، ئێمە هیچ زانیارییەكمان لەوبارەیەوە نییە، ئەوەی هەیە حكومەت هەموو مانگێك لەكاتی خۆیدا مووچەی مانگانە دەدات.

وتیشی: تائێستا قسەكە لەسەر ئەوەیە مانگانە بەغدا یەك مووچە دەنێرێت، لەهەرێمیش یەك مووچە دەدرێت، بەڵام ئەوەی گرنگە مووچە بەبێ پاشەكەوت و بەتەواوی دەدرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو 68 ملیار دینارەی بۆ مووچەی پێشمەرگە دانراوە، حكومەتی عێراق نەیناردووەو هەرێم خۆی دابینی كردووە.

راشیگەیاند: جیاوازی موچە (فروقات) ی مانگی 1و2 كە عێراق بۆ هەرێمی خەرجكردووە، بڕەكەی تەنیا (274) ملیار دینارە، ئەوەش ئەوەندە كەمە، بەشی مووچەی هێزە ئەمنییەكانیش ناكات، بۆیە لەئێستادا حكومەت تەنیا یەك مووچە دەدات و دوو مووچە نییە.


PM:01:05:21/03/2019