بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی رایگەیاند، ئەو هاوڵاتییانەی دانیشتووی هەردوو قەزای سەیدسادق و شارەزورن پێویستە لە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەڵەبجە مامەڵەی پاسپۆرت بكەن و سەبارەت بە چەند ناوچەیەكی دیكەی سلێمانیش ڕوونكردنەوە دەدات.
بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی رایگەیاند، پێویستە ئەو هاوڵاتییانەی دانیشتوی سنوری پارێزگای هەڵەبجەن كارتی زانیارییان سەر بە ( هەڵەبجە، سیروان ، خورماڵ، بیارە ، سەیدسادق، شارەزوور ، بەمۆ) یە لە پاسپۆرتی هەڵەبجە كاری مامەڵەی پاسپۆرت بكەن.
سەبارەت بە ناوچەكانی دیكەی سلێمانیش بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد، بەپێی شوێنی جوگرافی و كارتی زانیاری پێویستە هاوڵاتی سەردانی نوسینگەو بەڕێوەبەرایەتیەكانی پاسپۆرت بكەن لە پارێزگای سلێمانی.
رونیشیكردەوە، ئەو هاوڵاتیانەی كارتی زانیارییان سنوری پارێزگای سلێمانییە وەكو (سەرچنار، ڕاپەڕین، كوردسات، بەكرەجۆ، سەرا، ئازادی، سەیوان، ئەزمڕ، هەواری شار، ڕزگاری، بەختیاری و ابراهیم ئەحمەد) دەتوانن لە بەرێوبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی كاری نوێكردنەوە دەرههێنانی پاسپۆرت بكەن.
سەبارەت بەو هاوڵاتیانەشی كارتی زانیارییان سەر بە قەزا و ناحیەكانی ( دوكان، پیرەمەگرون، بازیان، چوارتا، ماوەت ، قەرەداغ، پێنجوێن، چەمچەماڵ، شۆڕش و ئاغجەلەر)ە بە هەمان شێوە دەتوانن لە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی مامەڵەی پاسپۆرت بكەن.
بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی راشیگەیاند، ئەو هاوڵاتیانەی دانیشتووی سنوری ئیدارەی( گەرمیان)ن كارتی زانیارییان سەر بە( كەلار، كەلاری كۆن، كفری و دەربەندیخان) لە قەزای كەلار دەتوانن مامەڵەی كاری پاسپۆرت بكەن.
باسی لەوەشكردووە، دانیشتووی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین كارتی زانیارییان سەر بە ( ڕانیە، قەڵادزێ، پشدەر، كێوەڕەش، سەنگەسەر، چوارقوڕنە، حاجیاوا، خدران ، بنگرد)ە لە ڕانیە دەتوانن مامەڵەی پاسپۆرت بكەن .