لەبارەی دەستوەردانی لە كاروباری حكومەت حاكم قادر ڕوونكردنەوە دەدات

دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نوسراوێكی بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی بڵاوبووەوە لەسەر دەستوەردان لە كاروباری حكومەت و گۆڕینی بەڕێوەبەرێك، حاك قادر ئەو هەواڵانە ڕەتدەكاتەوە و نوسراوی وەزیری پەروەردە بۆ ئەو مەبەستە بڵاودەكاتەوە.

لە ڕوونكردنەوەیەكدا كە بە ناوی ڕاگەیاندنی مەڵبەندی ڕێكخستنی یەكی سلێمانی (ی.ن.ك) بڵاوكراوەتەوە هاتووە "لەپاش بڵاوبوونەوەی هەواڵێكی چەواشەكاری لەبارەی دانانی بەرێز ( هاوار حەمید مەجید ) بە بەڕێوەبەری پەروەردەی دەربەندیخان لە ژمارەیەك سایتەكانی شۆسیال میدیاوە، بۆ خستنەڕووی ڕاستییەكان، بەپێی بەدواداچوونمان، دانانی بەڕێزی تەواوی ڕێكارە یاساییەكانی بڕیوەو سەرەتا لەڕێگای سیڤی و ڕێنماییەكانی دانان و وەرگرتنی ئەو پۆستەی هەبوە كە (10) ساڵ خزمەتی كەمتر نەبێت و بڕوانامەی بكالۆریۆسی هەبێت، پاشان داوەكەی لەلایەن لیژنەی یەكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانیەوە بەرزكراوەتەوە بۆ وەزارەتی پەروەردە و پاشان بەفەرمانی وەزاری بەرێز وەزیری پەروەردە بەژمارە (94) كەلە ڕێكەوتی 26/2/2019 دەرچووە وێنەیەكیشی بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ئاڕاستە كراوە".

هەر لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە "بەڵام لەپاش 45 ڕۆژ لەدەرچوونی فەرمانەكە بەڕێوەبەری گشتی فەرمانەكەی جێبەجێ نەكردوە  كە پێچەوانەی یاساو ڕێنماییەكانە.

پێشتر رۆژنامەی "زەمەن"ی نزیك لە بزووتنەوەی گۆڕان بڵاویكردەوە، كە لە رۆژی یەكشەممە، بە فەرمانی حاكم قادر، لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتی، لەلایەن كۆمیتەی ئەو حزبەوە، بەبێ رەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانیی فەرمانی دەستبەكاربوون بۆ (هاوار حەمید مەجید) وەك بەڕێوەبەری پەروەردەی دەربەندیخان دەركراوە.




AM:11:07:18/04/2019