دیلۆیت شەشەمین راپۆرتی لەبارەی وردبینی نەوت و گازی كوردستان بڵاوکردەوە

كۆمپانیای (دیلۆیت)ی جیهانی، شەشەمین راپۆرتی خۆی سەبارەت بە وردبینی كەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان بڵاوکردەوەو رایگەیاند"داهاتی نەوتی حكومەتی هەرێم لە سێ مانگی كۆتایی ساڵی 2018دا لەڕێی بۆری و فرۆشی ناوخۆوە زیارت لە دوو ملیارو 149 ملیۆن دۆلار بووە".

كۆمپانیای جیهانی دیلۆیت بۆ وردبینی و راوێژكاری، کە تایبەتە بە داتا و زانیاریی دەربارەی "هەناردەكردن، بەكاربردن و خەرجی و داهاتەكانی نەوت" لە رۆژی 1-10-2018 تاوەکو 31-12-2018. لە چوارچێوەی پڕۆژەی وردبینی سەربەخۆی كەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان و وەک بەشێك لە دەستپێشخەریی تایبەت بە شەفافییەت كۆمپانیای (دیلۆیت)ی جیهانی راپۆرتی تایبەت لەبارەی نەوت و گازی کوردستان بڵاودەکاتەوە.

بەپێی راپۆرتەکە، لەنێوان 1-10-2018 تاوەکو 31-12-2018، بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراو بە بۆری 39 ملیۆن و 399 هەزار و 482 بەرمیل بووە. کۆی بەهای نەوتی خاوی فرۆشراو دوو ملیار و 125 ملیۆن و 381 هەزار و 980 دۆلاری ئەمریکی بووە. تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاویش 54 دۆلار و 197 سەنت بووە.

هەروەها 549 هەزار و 249 بەرمیل نەوتی خاو و کۆندێنسەیتی لە ناوخۆ فرۆشراوە، کە کۆی بەهاکەی 24 ملیۆن و 427 هەزار و 775 دۆلار بووە. تێکڕای نرخی یەک بەرمیل لەو نەوتەش 44.375 دۆلار بووە.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز بەردەوامدەبێت لەسەر كاركردن بۆ برەودان و دەوڵەمەندكردنی راپۆرتەكانی وردبینی و پێداچوونەوە بە پشتبەستن بە سەرنج و فیدباكی لایەنە پەیوەندیدارەكان، لەناویشیاندا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. هەروەها حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی پابەندبوونی خۆی دەكاتەوە لە بەرامبەر هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان كە هەردوو گەورە كۆمپانیای جیهانی (Deloitte) و (Ernst & Young) بەردەوامدەبن لەسەر وردبینی و پێداچوونەوەی سەربەخۆ بۆ سێكتەری نەوت و گاز بە هەموو پرۆسە و بەشەكانییەوە. 
لینکەکە لە خوارەوە بکەرەوە
http://speemedia.com/pdf/delot.pdf?fbclid=IwAR0hc7HqzO1kfypMJFfrIKOtflWT-o2s8GGgTO0lNnvaMlW2zl8a8FHMWOs


AM:11:20:30/05/2019