هێرشی تورکیا بۆسەرخاکی هەرێم بە قورسی بەردەوامە
حکومەت‌و پەرلەمان بێدەنگن


ماوەی دوو هەفتەیە لە ناوچەی برادۆست و خواکورک، هێرشی بەفراوانی تورکیا بە پانی ٥٠کم و بەقوڵایی ٣٠کم بەردەوامەو هەڕەشە لە سەرچۆڵکردنی ١٨ گوندی دی لەئارادایە، بەڵام تا ئێستا حکومەت و پەرلەمانی کوردستان بێدەنگن.

دوا چەند رۆژێک خاوبوونەوەی شەڕی نێوان گەریلاکانی پەکەکەو تورکیا، ئەمڕۆ ١٠ حوزەیران سەرلەنوێ هێرشی تورکیا بۆ سەرناوچەکانی خواکورک و برادۆست لەناو هەرێمدا دەستیپێکردووەو تورکیا بەسەختی بۆردومانی ناوچەکە دەکات.

 بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان ئیحسان عەبدولقادر، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند" شەڕو پێکدادانی گەریلاکانی پەکەکەو سوپای تورکیا لەناوچەکانی خواکورک و لۆلان و تنین بەردەوامە، بەڵام بەھۆی ئەوەی ناوچەکە بۆتە ناوچەی قەدەغەکراو، ژمارەی کوژراوو بریندارەکان نازانرێت".

ئیحسان عەبدولقادر وتیشی:" ئەو شەڕو پێکدادانە بەردەوامە مەترسی زۆری بۆسەر ھاوڵاتیانی گوندنشینی ناوچە سنورییەکان دروستکردووە، ئەمڕۆش لەئەنجامی شەڕو پێکدادانەکان و تۆپبارانەوە، بەشێکی زۆر لەڕەزو پاوانی گوندەکانی (سیران و خەلیفان) سوتاون، لەبەشێکی دیکەی گوندەکانیش لەشەواندا ھاوڵاتیان ئاوارەبوون دواتر گەڕاونەتەوە".

بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندووە" بەھۆی شەڕو پێکدادانەکانەوە مەترسی زۆریان لەسەرەو ھەریەک لەگوندەکانی خەلیفان، ئاڵەکان، ھیران، لێڵکان، بڵەسەنان،  شێلکان و چەند گوندێکی تر، کە ژمارەیان ١٨ گوندە، مەترسیان لەسەر دروستبووە".



PM:11:48:10/06/2019