بڕیاری قەدەغەكردنی ھاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی لێدراو و ژێرئاوكەوتوو خرایە بواری جێبەجێكردنەوە

دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردودا وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاری قەدەغەكردنی ھاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی لێدراو و ژێرئاوكەوتووی بۆ ناوخۆی هەرێم دەركرد، ئەمڕۆ ئەو بڕیارە خرایە بواری جێبەجێكردنەوە.

لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێم، سامی جەلال ڕایگەیاندوە "لە رۆژی دووشەممەوە بڕیاری قەدەغەكردنی هێنانی ئۆتۆمبێلی لێدراو دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

ئاماژەی بەوەشكردوە "رێنمایی تەواو بۆ هەموو كۆمپانیاكانی ئۆتۆمبێل دەركراوە و بۆیان چووە‌ و دابەش كراوە،‌ بۆیە بڕیارەكە لە 1-7ـەوە لە لایەن خاڵە گومرگییەكانەوە جێبەجێ دەكرێت".


ڕونیشی كردەوە "پشكنینی تەواوی هونەری لە لایەن خاڵە گومرگییەكانەوە بۆ ئۆتۆمبێلەكان دەكرێت، هەر ئۆتۆمبێلێك لێدراو، تێكچوو، ژێرئاوكەوتوو بێت یاخود بە پێی رێنماییەكان نەبێت كە دەرمان كردووە،‌ دەگەڕێندرێتەوە و كۆمپانیاكەش سزا دەدرێت".

لەبارەی سزادانی كۆمپانیاكانەوە، سامی جەلال وتی " هەر كۆمپانیایەك ئۆتۆمبێلی لێدراو لە دوای دەرچوونی جێبەجێكردنی بڕیارەكەوە داخڵ بكات، بە بڕی 50 ملیۆن دینار غەرامە دەكرێت".



PM:04:01:01/07/2019