تەکیە: بەهۆی دروستکردنی کارگەیەکی ڕیسایکلین 400 هەلی کار ڕادەگەیەنرێت

شارەوانی چەمچەماڵ ڕایگەیاند، بەهۆی کردنەوەی كارگەیەكی ڕیسایكلین لە تەکیە هەلی کار بۆ 400 کەس دەڕەخسێت.

ئەمڕۆ یەك شەممە، 28ی تەموز هەڤاڵ ئەبوبكر، پارێزگاری سلێمانی و ئازاد محەمەد، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و كەمال مستەفا، بەڕێوبەری گشتی شارەوانیەكانی سلێمانی، كارگەی ڕیسایكلینی خاشاكیان لە شارەدێی تەكیە بەسەركردەوە و لەلایەن ڕەمەك ڕەمەزان، قائیمقامی چەمچەماڵ و ئارام نەجات، سەرۆكی شارەوانی چەمچەماڵ و بەرپرسانی ئیدارییەوە پێشوازیان لێكرا.

شارەوانی چەمچەماڵ لە ڕاگەیەندراوێكدا کە وێنەیەکی دەست (سپی) کەوتووە، ئاماژەی بەوەكردووە، ئەم پڕۆژەیە خاشاكی ۲۱ شارەوانی تێدا كۆدەكرێتەوە و ڕۆژانە توانای وەرگرتنی ٥۰۰ تەن خاشاكی هەیە و دووبارە ئەو خاشاكە بەكاردەهێنرێتەوە لەكارگەكاندا.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، بەتەواوی بوونی كارگەكە نزیكەی 400 هەلی كار بۆ سنووری شارەدێی تەكیە و شارۆچكەی چەمچەماڵ دابین دەكات.

ڕەمك ڕەمەزان، قائیمقامی چەمچەماڵ لە وتەیەكدا ستایشی ڕۆڵی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كرد بۆ دەستبەكاربوونی كارگەی ڕیسایكلین و كۆكردنەوەی خاشاك لەلایەن كۆمپانیای شكارەوە دوای ئەوەی ڕێگای پێدان مانگێك لە ژێر چاودێری ئیدارەكاندا كار بكەن .

ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆژەی ڕیسایكلین لەچوارچێوەی پڕۆژەی كۆكردنەوەی خاشاكی زۆنی چەمچەماڵ و دوكان-دایە، كە كۆمپانیای شكار جێبەجێی دەكات و دەكەوێتە سنوری شارەدێی تەكیەی سەر بە چەمچەماڵ .


PM:08:02:28/07/2019