بەهۆی هاوردەکردنی سوتەمەنی خراپەوە چەند بەرپرسێک دەستگیردەکرێن

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، دوو بەرپرسی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بەهۆی هێنانی سوتەمانی کوالێتی خراپەوە دەستگیرکراون، و لەشکریکی دیکەش لەپشتیانەوەیە دەبی گوڵەچنە بکرێن.

لە نوسینێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بوک غالب محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاندوە، بانگهێشتکرام بۆ دەستەی نەزاهە و ڕۆژی سێ شەممە ڕۆشتم بۆ هەولێر بۆئەوەی شاهێدبم لەو كەیسە كە لەئێستادا بازرگانێكی نەوت و راوێژكارێكی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و بەڕێوەبەرێكی گشتی لەوەزارەتی سامانە سروشتیەكان دەستبەسەر كراون، كە ئەوكات سوتەمەنی كوالیتی خراپ هێنراوە هەوڵدراوە بەپاڵپشتی ئەمان بهێنرێتە هەرێمی كوردستان.

نوسیویەتی، بەڵام ئێمە وەک ئەرکی خۆمان بوینە ڕێگر لە ئەو کارە و نەمانهێشت ئەو سوتەمەنیە بهێنرێتە هەرێمی کوردستان و گەڕاندماننەوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، لەئێستاشدا دوو بەرپرسی باڵایی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دەستگیركراون و ناوی بەرپرسی باڵای تریش هێنراوە كەدەبێت لێكۆڵینەوەی لەگەڵ بكرێت، بازرگانەكەش دوایی ١٤ ڕۆژ بەكەفالەت ئازادكراوە و لەشكرێكی تریش لەپشتیانەوەیە دەبێت گوڵەچنەبكرێن و پیسەكانیان جیا بكرێنەوە .

باسلەوەدەکا لە هەفتەی داهاتودا کەیسەکە دێتەوە هەولێر و دەڵێ ، هیوادارم محكەمەی هەولێر بەبێ لایەنانە و دورلەبیركردنەوەی تەسكی حیزبی بڕیار بدات و سەربەخۆی خۆی بپارێزێت، وەبەرپرسە باڵاكانی حكومەتیش دەست وەردان نەكەن تێیدا.

هۆشداریش دەدات ئەگەر حکومەتی هەرێم دەستوەردان بکات لەو کەیسەدا ئەو بەڵگانە بڵاودەكەینەوە ئێستا لامانە كەخۆی دەبینێتەوە لەبەڵگەی دەنگی و ڤیدۆو نوسراودا.



PM:11:08:04/09/2019