ده‌وڵه‌تی یاسا: هیچ یاسایەك نیه كه پۆستی سەركۆمار بە ئیستحقاقی كورد دابنێ
ده‌وڵه‌تی یاسا به سه‌رۆكایه‌تی نوری مالیكی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێرق. هه‌ڵوێستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانی له‌باره‌ی پۆستی سه‌ركۆماری عێراق ره‌تكرده‌وه و ئاماژه به‌وه ده‌كا هیچ ماده‌یه‌كی ده‌ستووریی نییه تا بیسەلمێنێ پۆستی سه‌ركۆمار مافی كوردە لە عێراقدا.
له‌مباره‌یەوە محه‌مه‌د سه‌هیود. یه‌كێك له به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی قانوون بۆ ئاژانسی ئانادۆڵی راگه‌یاند: "هیچ ماده‌یه‌كی ده‌ستووریی نییه باسی ئیستحقاقی نه‌ته‌وه‌كانی عێراق بۆ هه‌رسێ پۆسته‌كانی سه‌ركۆمار و سه‌رۆكوه‌زیران و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق بكا. دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق ده‌كه‌وێته قوناغێكی نوێوە ئه‌ویش گواستنه‌وه‌یه له قۆناغی خاوه‌ندارێتی تایفی و ته‌وافق و شه‌راكه‌ت كه كاریگه‌ری خراپی بۆ عێراق هه‌بووە بۆ قوناغی زۆرینه‌ی سیاسی."
ئەو زیاتر وتی: "هه‌ر به‌پێی ئه‌و قۆناغه ئیستحقاقی هەر لایه‌نێكە بەگوێرەی دەنگەكانی حكومه‌ت به‌ڕێوه ببا. چونكە ئەگەر وا نەبێ ئەو حكومەتە رووبه‌ڕووی شكست ده‌بێته‌وه. بۆیه به بڕوای ئێمه حكومه‌تی زۆرینه‌ی سیاسی بۆ قۆناغی ئێستا زۆر گرنگه كه له ژماره‌یه‌ك لایه‌ن و قه‌واره پێكهاتووه."
سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان جەلال تاڵه‌بانی. ماوه‌ی هه‌شت ساڵه پۆستی سه‌ركۆماری عێراق به‌ڕێوه ده‌با كه به‌ر له ساڵێك به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه لە گۆڕەپانی سیاسی دووركەوتۆتەوە و ئێستا جێگره‌كه‌ی خوزه‌یر خوزاعی پۆسته‌كه به‌ڕێوه‌ده‌با.
به‌پێی ماده‌ی 76ی ده‌ستووری عێراق، سه‌رۆككۆمار سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تە و ره‌مزی یه‌كێتیی نیشتمانی عێراقه و نوێنه‌رایه‌تی سه‌روه‌ری وڵات ده‌كا. هه‌روه‌ها به‌پێی ماده‌ی 54 ی دوستوور سه‌ركۆمار به مه‌رسومێك له ماوه‌ی پازده رۆژدا داوا له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌كا له‌باره‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن كۆببێته‌وه كه كۆبوونه‌وه‌كه به سه‌رۆكایه‌تی به ته‌مه‌نترین ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌ڕێوه ده‌چێ.
به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه سیاسیانه‌ی له عێراق كراون، پۆستی سه‌ركۆماری عێراق بۆ كورد و سه‌رۆكوه‌زیران بۆ شیعه و سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ سوننه‌كان جیاكرابوونەوە.
رۆژی یه‌كشه‌ممه سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند: پۆستی سه‌ركۆماری عێراق، مافی گه‌لی كورده و به هه‌موو هێزێكه‌وه به‌رگری له به ده‌ستهێنانی ئه‌و پۆسته ده‌كا.
PM:03:42:05/05/2014