"مەسەلەی قوباد یەكلای بۆتەوە، دەیانەوێت حاكم قادر رازی بكەن"

دانانی قوباد تاڵەبانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت لەناو یەكێتیدا یەكلای بۆتەوە، مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە دەیانەوێت بەشێوەیەك ئاشكرای بكەن كە حاكم قادریش رازی بكەن.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بەسپی میدیای راگەیاند مەسەلەی دانانی قوباد تاڵەبانی یەكلای بۆتەوە‌و دانراوە، بەڵام یەكێتی خۆی بەمەبەست ئاشكرای نەكردووە تا حاكم قادر حەمەجان ئەندامی دەستەی كارگێری ئەو حیزبەش رازی بكەن.
سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە قادر حەمەجان نیگەرانە لەو بارودۆخە‌و دانانی قوباد تاڵەبانی، هەر بۆیە مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە بیر لە بەرزكردنەوەی پلەكەی دەكات بەپێدانی پۆستی حیزبی باڵاتر، یان پۆستی حكومی.
قوباد تاڵەبانی كە كراوە بەجێگری سەرۆكی حكومەتی كابینەی هەشتەم، لەناو حیزبدا پۆستێكی دیاریكراوی نییە، لەناو حكومەتیشدا لەكابینەی حەوتەمدا پۆستی هەماهەنگی نێوان وەزارەتەكانی بەرێوەدەبرد.
قوباد تاڵەبانی خێزاندارە‌و پێش ئەوەی بگەڕێتەوە كوردستان نوێنەری حكومەتی هەرێم بوو لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.
نابراو لەدایكبووی 1977 و بڕوانامەی بەكالاریۆسی هەیە لە ئەندازیاری میكانیكی‌و خاوەنی كوڕ‌و كچێكە‌و هاوسەرەكەی بیانییە.
  
  
   



AM:11:39:14/05/2014