شاناز ئیبراهیم داکۆکی لە پەرلەمانتاری کۆمەڵ سۆران عومەر دەکات

ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دژی سەندنەوەی پارێزبەندیە لە پەرلەمانتاری، کۆمەڵ سۆران عومەرو داکۆکی لێدەکات.


شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە نووسینێکدا دەڵێت" هەوڵدان بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر بەڕێز سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، پێشهاتێکی مەترسیدارە بەئاڕاستەی سەپاندنی حوکمی پۆلیسی لە هەرێمی کوردستان، بەهیچ شێوەیەک مایەی قبوڵ کردن نییەو پێویستە ڕێگری لێ بکرێت".


لە نووسینەدا کە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت" پەرلەمانتاران نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵکی کوردستان و چاودێرن بەسەر کاروبارەکانی حکومەتەوە، ئەگەر ئەوان لەسەر ڕەخنەگرتن و خستنەڕووی گەندەڵی دادگای بکرێن، ئەی دەبێت ئەوانەی بەناوی ئابوری سەربەخۆ و ڕیفراندۆمی سەربەخۆییەوە نیوەی خاکی کوردستانیان دۆڕاندو حکومەت و میللەتێکیان خستەسەر ساجی عەلی چییان لێ بکرێ .؟".

 
ناوبراو دەشڵێت "لەجیاتی هەڵگرتنی پارێزبەندی سەر پەرلەمانتاران، دەستی غەدرو نادادی لەسەر قوت و مووچەی خەڵکی کوردستان هەڵبگرن و لەوە زیاتر خەڵک برسی مەکەن .".

 


PM:11:57:04/05/2020