لە تاران هاووڵاتییەکی کورد سزای بەندکردنی بە سەردا سەپێنرا

هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکردنی بە سەردا سەپێنرا. 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی پەسوێی پیرانشار بە ناوی "ئەحەد نیکجوویان" لەلایەن یەکێک لە لقەکانی دادگای شۆڕشی تارانەوە حوکمی پێنج مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

ئەو حوکمە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران" دەرچووە و بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

ئەحەد نیکجوویان تەمەن ٢٣ ساڵ، خەڵکی پیرانشار و دانیشتووی مەهاباد، بەهاری ساڵی (٢٠١٦) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی تاران دەستبەسەر و پاش چوار مانگ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

PM:03:05:24/07/2020