لەئاسایشی راپەڕین بەندكراوێك گیان لەدەستدەدات
تەندروستی: شوێنەواری پەت بەملیەوە بووە

‌فۆتۆ - ئینتەرنێت
دوای‌ سێ‌ رۆژ لە دەستگیركردنی،‌ هاوڵاتیەك لە بەشی گرتن‌و گواستنەوەی گرتوخانەی‌ ئاسایشی‌ راپەڕین گیان‌ لەدەستدەدات‌و دوای پشكنینیش دەردەكەوێت شوێنەواری پەت بە ملیەوە دیاربووە. 
لێپرسراوی‌ راگەیاندنی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ تەندروستی‌ راپەڕین تەها محەمەد رایدەگەیەنێت، ئێوارە دوێنێ‌ هاوڵاتیەكی‌ تەمەن (36) ساڵ كە دانیشتوی‌ ناحیەی‌ ژاراوەی‌ سەر بەقەزای‌ پشدەرە، لە گرتوخانەی‌ ئاسایشی‌ راپەڕین بەشی‌ گرتن‌و گواستنەوە گیانی لەدەستداوە.
تەها محەمەد لەلێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی سبەی ئاشكرایكردووە كە دوای‌ ئەوەی‌ تەرمەكە‌ رەوانەی‌ پزیشكی‌ دادوەری‌ رانیە كراوە، دەركەوتووە شوێنەواری پەت‌و خنكان بە ملیەوە دیاربوە.
هاوكات كەس‌و كاری‌ ئەو بەندكراوەكەش كە گیانی لەدەستداوە ئاماژە بەوە دەكەن، كوڕەكەیان خاوەنی پێنج منداڵەو ماوەی‌ سێ‌ رۆژبووە دەستگیركراوەو لە ژورێكی‌ تاكە كەسیدا بوە، هەروەها داوای لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكەن.



AM:09:54:25/05/2014