پێش سەردانەکەی کازمی بۆ ئەمەریکا، هەرێم‌و بەغدا رێککدەکەون
بەغدا پرۆژەیەک بۆ گفتوگۆکردن ئامادە دەکات

لە بەرنامەی حکومەتی عێراقدایە پێش سەردانەکەی سەرۆک وەزیران کازمی بۆ ئەمەریکا، کێشەکانی نێوان بەغداو هەرێم چارەسەر بکات، بۆ ئەمەش حکومەتی بەغدا سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژەیەکە بۆ گفتوگۆکردنی کۆتایی نێوان هەردوولا.

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە بەغداوە دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە، پڕۆژەکەی عێراق لەسەر دوو تەوەر داڕێژراوە، تەوەرێکیان پرسی دەروازە سنورییەکانە، پرۆژەیەکی تریشیان پرسی نەوتی هەرێمە.

 

دەربارەی دەروازە سنوریەکان، حکومەتی عێراق لە پڕۆژەکەیدا داوا دەکات داهاتی خاڵە سنوریەکانی هەرێم و وەک ئەو دوای شوێنەکانی تر عێراق رادەستی ناوەند بکرێتەوەو داهاتەکەشی بەڕێژەی ٥٠% بۆ ناوەندو ٥٠% بۆ هەرێم بێت، بەرامبەر گەڕانەوەی داهاتەکان و سەروەری دەروازەکان بۆ حکومەتی ناوەندی، بەغدا مانگانە بڕێ ٣٥٠ ملیار دینار بنێرێت بۆ هەرێم.

 

تەوەرەی دووەم کە پرسی نەوتی هەرێمە، بەپێی زانیارییەکان " سپی " حکومەتی بەغدا گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی نەوتی هەرێم هەرزان فرۆش و تاڵان دەکرێت، هەربۆیە حکومەتی عێراق دەیەوێت نەوتی هەرێم لە رێگای سۆمۆوە بفرۆشێت بەو نیازەی لەلایەکەوە هەرزان فرۆش نەکرێت و لەلایەکی ترەوە بەر لەگەندەڵی بگیرێت، لەبارەی ئەو برە پارەیەی لە فرۆشتنی نەوتەکەوە کە لەلایەن سۆمۆوە دەفرۆشرێت و دەبێت بگەڕێنرێتەوە بۆ هەرێم، بەغدا دەیەوێت لەبەر رۆشنایی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق پارە بنێرێت و زیادەکەشی دەچێتەوە سەر بودجەی عێراق.

 

حکومەتی کازمی دەیەوێت پێش ئەوەی سەردانی ئەمەریکا بکات، کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بکات، بۆ ئەوەی لەبەردەم سەرۆک ئەمەریکا و بەرپرسانی ئەو ولآتەدا ئەو وێنەیە بدات کە هیچ کێشەیەکی لەگەڵ حکومەتی هەرێم دا نەماوە.

 

کازمی ٢٠ی مانگی ئاب سەردانی ئەمەریکا دەکات و بۆ ماوەی چوار رۆژ لەو ولآتە دەمێنێتەوەو کۆبوونەوە لەگەڵ ترامپ و سەرکردەکانی ئەو ولآتەدا دەکات و گرنگرتین خاڵەکانیش رێککەوتنی ئەمنی نوێی نێوان هەردوو ولآتە کە سێ مانگ لەمەوبەر یەکەم کۆبوونەوەی لەنێوان سەربازی و هونەریەکاندا سازکرا.



PM:10:39:11/08/2020