دوو بەندکراوی سیاسی کورد سزای ٣٢ ساڵ بەندکردنیان بە سەردا سەپێنرا

دوو بەندكراوی سیاسی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان بە ژمارەیەك تۆمەتی جۆراوجۆر و تێكڕا سزای ٣٢ ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێندرا.
 
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئارەش نەسری، بەندکراوی سیاسی کورد کە لەبەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگیراوە، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەری مەقیسە بە چەند تۆمەتی جیاواز سەرجەم حوکمی ١٧ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپێنرا، دانیشتنی دادگای ناوبراو ڕێکەوتی ٢٠ی تەمووز بەڕێوەچووە و ڕێکەوتی ٥ی ئاب حوکمەکەی بە فەرمی پێ ڕاگەیەندراوە.

بە پێی ئەو سزایە، ئارەش نەسری بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران“ حوکمی ٦ ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی گواستنەوە و هەڵگرتنی چەک حوکمی ٦ ساڵ بەندکردن، بە تۆمەتی هاووچۆی نایاسایی بۆ دەرەوەی سنوور حوکمی ١٨ مانگ بەندکردن و بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی چەک و چۆڵ حوکمی ٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپێنرا. 

بە پێی ماددەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی، زۆرترین سزا واتە حوکمی شەش ساڵ بەندکرانی ئارەش نەسری شیاوی جێبەجێ کردنە.

لە لایەکی دیکەوە، کۆتایی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، بەندکراوێکی سیاسی کورد بە ناوی "حەمید عەبدی" کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراووە لەلایەن لقی سێیەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر "نەجەف زادە" بەتۆمەتی "هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی" لە ڕێگای ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) حوکمی ١٥ ساڵ بەندکردنی بە سەردا سەپێنراوە. 

PM:10:38:14/08/2020