وەزارەتى پەروەردە زیاتر لە سێ هەزار هەلی کار دەڕەخسینێت

وەزیری پەروەردەی هەرێم رایگەیاند" بەهۆی بڕیارێكیانەوە توانیویانە زیاتر لە سێ هەزار هەلیكار بۆ خاوەن بڕوانامە باڵاكان برەخسێنن و بۆ ساڵی داهاتووش بەردەوام دەبێت".

 

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە لەڕاگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە" بەفەرمان و ڕێنوێنی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتەكەیان لەبەرواری 18ی ئابی 2019دا بە فەرمانی وەزاری ژمارە ۳٨۲ ، بڕیاریدا بە رێكخستنەوەی دەوامی مامۆستا و فەرمانبەرانی باخچە و قوتابخانە و پەیمانگا ناحكومییەكانی سەر بە وەزارەت، بەجۆرێك بەرژەوەندی گشتی رەچاو بكرێت و ببێتە مایەی زیاتر (ڕەخساندنی هەلی كار) بۆ دەرچووە دانەمەزراوەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان".

 

وەزیری پەروەردە وتیشی" لەم پێناوەدا وێڕای بوونی گرفتی ڕاوەستانی دەوامی ناوەندەكانی خوێندن، توانراوە دەرفەتی كار بۆ 3 هەزار و 299  لە هەڵگرانی بروانامەی دكتۆرا و ماستەر و بەكالۆریۆس و دبلۆم و بڕوانامەی دیكە لەكەرتی خوێندنی ناحكومی بڕەخسێنن، هەروەها بۆ ساڵی نوێی خوێندنی ۲۰۲۰ ـ ۲۰۲۱ وەزارەتی پەروەردە بە ڕێنمایی نوێ و لەسەر ئەم رێكخستنەوەیە و ڕەخساندنی دەرفەتی كار، بەردەوام دەبێت". 



PM:04:55:29/08/2020