هۆزە عەرەبییەكان سەركۆنەی هێرشەكەی هەولێر دەكەن
فەرماندەیەك و لیوایەك بە تێوەگلان لە هێرشەكە تۆمەتبار دەكات

دوای ئەوەی شەوی رابردوو هێرشێكی مووشەكی كرایە سەر فڕۆكەخانەی هەولێر، كاردانەوەی ناڕەزایەتی توندی بەدوای خۆیدا هێنا، هۆزە عەشایەری عەرەبی جیا لە سەركۆنەكردنی هێرشەكە، داوای دوورخستنەوەی لیوای ٣٠ی حەشدی شەعبی لە ناوچەی دەشتی نەینەوا دەكەن.

 

موزاحم حوێت، وتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" بە توندی سەركۆنەی هێرشە مووشەكییە تیرۆریستییەكی سەر فڕۆكەخانەی هەولێر دەكەین".

 

دەشڵێت" وەک هۆزە عەرەبییەكان داوا لە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەین بۆ وەدەرنانی میلیشیای لیوای ٣٠ لە ناوچەكانی دەشتی نەینەوا، چونكە ميليشيايەكى تيرۆرستیيە و ئامانجى هەڵگيرسانى شەڕى تاييفيە لەنێوان پێكهاتە و ئايينەكانى پارێزگاكە".

 

ئاشکراشیکردووە،  ئەو كردەوە تیرۆیستییە كە یەكێك لە گرووپە میلیشیاكانی سەر بە ئێران ئەنجامی داوە، بە هاوکاری لەگەڵ لیوای ٣٠ی بووە و ئەو ئۆتۆمبێلەی مووشەكەكانی بار كردووە، بە پاسەوانیەتی ئەوان و بە زانیاری (لیوا ئیسماعیل شەهاب مەحلاوی)، فەرماندەی كردەوەگەلی نەینەوای لایەنگری میلیشیاكان هاتووەتە ناوچەكە.

 

لە کۆتایدا جەختیشکردەوە، کە وەک عەشايەرە عەرەبيەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان، بە ئەمەریكییەكانمان وتووە بە پێویستی وەشاندنی گورزی ئاسمانی دژ بە میلیشیاكانی لیوای ٣٠، لە حاڵەتی دووبارەكردنەوەی بۆردمانەكانی.  

 

شەوی ڕابردوو کاتژمێر ٨:٣٠ خولەک شەش مووشەک لە باکوری رۆژئاوای هەولێر لە نزیک فڕۆکەخانە و بنکەیەکی هێزی هاوپەیامانان و بارەگایەکی حیزبی دیموکرات، هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە، بەلآم ئاگرێکی لێکەوتەوە. 



PM:10:14:01/10/2020